ئێران و ئەمریکا؛ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان پێش گەڕی دووەمی دانووستاندن
رووداو دیجیتاڵ
لە چاوەڕێی پێشهاتێكی گرنگ و نائاسایین، لە شاری "رەواڵپەندی"، درووست لە تەنیشت ئیسلامئاباد؛ لەو شوێنەی بنکەی ئاسمانی "نوورخان"ی تێدایە، پێشوازی لە فڕۆکەی تایبەت بە شاندی ئەمریکی دەکرێ.
نزیکەی 600 خاڵی پشکنین دانراون؛ زیاتر لە 18 هەزار کەس لە ئەندامانی هێزی ئەمنی بڵاوکراونەتەوە؛ پشوویەکی ناچاری دراوەتە کارمەندانی حکومەت.
بڕیارە گەڕی دووەمی گفتوگۆی راستەوخۆی شاندی ئەمریکا و ئێران لێرە ئەنجام بدرێ.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت، "رێککەوتنێک دەبینی کە تێیدا هەموو ئامانجەکانی ئەمریکا بەدیدەهێندرێن و کۆتایی بە 47 ساڵ لە تیرۆری ئێران دەهێنرێ".
بە گوتەی هێزی دەریایی ئەمریکا، دوای 6 کاژێر لە پشتگوێخستنی بەردەوامی هۆشدارییەکان، دواجار چەند مووشەکێک ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی کران و دەستی بەسەردا گیرا.
نیازی هەبوو بە تەنگەی هورمزی گەمارۆدراوی ئەمریکا، بەرەو "بەندەر عەباسی" ئێران بڕوات..
ئێران ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.
هەمان تۆمەت ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیاکەی ئاراستەی ئێرانی کرد، بەوەی هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی ئەورووپی لە ئاوی کەنداو.
هۆشداریشی دا لە ئەگەری رەتکردنەوەی پێشنیازە "دادوەر و گونجاوەکەی" بۆ ئاشتی، دانە بە دانەی پرد و وێستگەکانی وزەی وڵات، تێکدەشکێنێت..
مایک وۆڵتز, باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەدات، "دەسەڵاتی ئێران، بە دیاریکراوی و گرووپە هاوپەیمانە تیرۆریستەکانی، مێژوویەکی درێژیان هەیە لە بەکارهێنانی دامەزراوە سیڤیلەکان وەک قەڵخان بۆ کردەوە چەکدارییەکانیان".
لە ئاژانسی تەسنیم، سوپای پاسداران بەشداریکردنی شاندی ئێرانی لە گەڕی دووەمی دانووستاندنەکاندا لەسەر 3 بنەما رەتکردەوە.
هەڕەشەکانی ترەمپ، گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، هەروەها بە گوتەی سوپا، داواکارییە نالۆژیکەکانی ئەمریکا.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئێمە بەڕاستی هیچ ئاماژەیەکی راستەقینە لەسەر جیدییەتی ئەمریکا نابینین. بە پێچەوانەوە ئاماژەی دووبارە بووەوە دەبینین لە جیدی نەبوونی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی رێگەی دیپلۆماسی بە واتا راستەقینەکەی نەک دیپلۆماسی بە واتای سەپاندنی بیروبۆچوونەکان".
کلیلە جادووییەکەی ترەمپ بۆ راگەیاندنی سەرکەوتن، ئێرانێكی بێ یۆرانیۆم و هورمزێكی کراوەیە.
باس لە رەزامەندی سەرەتایی تاران دەکرێت بە گواستنەوەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمەکەی بۆ دەرەوەی وڵات؛ پاکستان و رووسیا دوو ئەگەری بەهێزن.
لە نزیکەی 5 دەیەی دەسەڵاتیدا، کۆماری ئیسلامی مۆرکی نەتەوە و سەروەری لە زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم و ژێرخانی ئەتۆمی ئێرانی داوە، هەڵوێستێکە ئەستەمە تاران لەم هاوکێشەیە ئاڵۆزەدا رازی بە سفر-یۆرانیۆم بە دەست دەربچێت، درووست هەمان ژمارەیە کە ترەمپ بە دواوەیەتی کە پێیوایە بە گوتەی خۆی لە رێککەوتنە شوومەکەی 2015ی ئۆباما جیای دەکاتەوە.
سوپا لە دۆڵێک دەخوێنێت و ترەمپ لە دۆڵێكی دیکە. پاکستانیش تاکە هێزی ئیسلامی خاوەن چەکی ئەتۆمی، تێدەکۆشێت بە هێنانە خوارەوەی خواستەکانی تاران و واشنتن، پێگەی ئیسلامئاباد لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەرزبکاتەوە.