ژاپۆن هۆشداری "بوومەلەرزەیەکی گەورە" دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ژاپۆن ئەمڕۆ دووشەممە هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مەترسی روودانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.0 پلە یان زیاتر هەیە، دوای ئەوەی لەرزینێکی بەهێز باکووری وڵاتەکەی هەژاند و هۆشداری سونامی لێکەوتەوە.
ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی نوێ و گەورە بە رێژەیەکی بەرچاو زیاترە لە کاتی ئاسایی" هەیە.
هۆشدارییەکە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 ناوچەکەی هەژاند و بینا بەرزەکانی تۆکیۆیان لەرزاند، کە شارەکە سەدان کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکەوە دوورە.
بوومەلەرزەکە کە سەرەتا بە گوڕی 7.4 خەمڵێندرابوو، دواتر بۆ 7.5 و پاشان بۆ 7.7 راستکرایەوە، کاژێر 4:53ی ئێوارە بە کاتی تۆکیۆ (10:53 بە کاتی هەولێر) لە سنوورە ئاوییەکانی زەریای هێمن لە بەرامبەر پارێزگای ئیواتێی باکوور روویدا.
مینۆرو کیهارا، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هیچ هەواڵێک لەبارەی برینداربوونی خەڵکی یان زیانی بەرچاوی مادی نییە.
بەرپرسێکی نووسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بە هاووڵاتییانی گوت: "لە کاتێکدا دیار نییە ئایا بوومەلەرزەیەکی گەورەی دیکە روودەدات یان نا، داواتان لێدەکەین رێوشوێنی خۆپاراستن لە کارەسات بگرنەبەر بەپێی ئەو بنەمایەی خۆتان بەرپرسیارن لە سەلامەتی خۆتان".