لە هیندستان فیستیڤاڵی 'پەرستنی مار' بەڕێوەدەچێت
رووداو-هەولێر
لە فیستیڤاڵی پەرستنی مار لە هیندستان، بەشداربووان ماریان لە گەردەنیان ئاڵاند و "حاڵیان گرت" ئەوەش بە باوەڕی خۆیان، ئەو مارانە لە دەردوبەڵا دووریان دەخات.
ئەو هیندییە مار پەرستانە، بە بیروباوەڕی خۆیان کە ملکەچی مارەکان بوون، ئیدی شتێک نامێنێت بەناوی "ترس لە مار" ئەمە لە شاری ساماستیپور لە هندستان بەڕێوەچوو.
موکیش کومار، هاووڵاتیی هیندی دەڵێت: "ئێمە لەو مارانە ناترسین، لە لایەن خواوەندی مارەکانەوە دەپارێزرێین. ناترسین و هیچمان بەسەرنایەت."
هەریەکێک لە بەشداربووان مارێکی بەدەستەوە گرتووە و، تاوەکو سەر رووباری شارەکە ناوەستن. تێگەیشتنیان وایە کە مارەکانیان بە ئاودا بڵاوکردەوە، تاوەکو ساڵی داهاتوو ئەم کاتانە لە هەموو دەرد و بەڵایێک پارێزراودەبن.
موکیش کومار، هاووڵاتییەکی دیکەی هیندییە و باس لەوە دەکات: "ئەمە بۆنەیەکی تایبەتە لە هیندستان. بەرزنرخاندنی ئەم نەریتە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە مار و گوندنشینانە لەگەڵ مارەکاندا رێپێوان دەکەن. لە هەموو شوێنێکەوە خەڵک بۆ سەیرکردن سەردانمان دەکەن."
راوکردنی مار لە هیندستان قەدەخەیە، بەڵام ئەو گوندنشینانە بیروباوەڕی خۆیان بە پیرۆزتر دەزانن.
ئەو فیستیڤاڵە پێشی دەگوترێت ناچا پانچامی، یاخود پەرستنی مارەکان. ساڵانە لە مانگی تەمووز یاخود ئاب لە لایەن هیندۆز و بووزییەکانەوە دووبارەدەکرێتەوە.