نەتەوە یەکگرتووەکان: سەهۆڵبەندەکانی گرینلاند 25 ساڵە دەتوێنەوە


رووداو - هەولێر

لە گرینلاند کە لەوپەڕی گۆی زەوی دایە، تاوەکو چاو بڕ بکات سەهۆڵبەندانە. گەشتیاران لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی ناوچەی لۆلیسات دەکەن، کە گەورەترین شارۆچکەیە لە کەنارەکانی رۆژئاوای دوورگەی گرینلاند و کەوتووەتە نێو ئاوەکانی ئۆقیانووسی بەستەڵەکی باکوور. ئامانجی گەشتیاران بینینی بەستەڵەکەکانە، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا خەریکە دەتوێنەوە.
 
لارس نۆواسین، کاپتنی بەلەمی گەشتیاری دەڵێت: "کاتێک گەنج بووین، لەبیرمە پارچە سەهۆڵ هەبوون کە دەمانتوانی لەسەری بڕۆین، بەڵام ئێستا ئەو پارچە سەهۆڵانە ئەوەندە بەهێز نەماون و ناتوانین کاری لەسەر بکەین، لە رابردوودا راوەماسیمان لەسەر ئەو پارچە سەهۆڵانە دەکرد، ئێستا وا نەماوە و مەترسیی شکانی لەسەرە".
 
ئێستا سەهۆڵبەندەکانیش بوونەتە قوربانییەکی دیکەی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا. بەگوێرەی راپۆرتی ئەمساڵی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەهۆڵبەندانەکانی گرینلاند ماوەی 25 ساڵە لەسەریەک دەتوێتەوە، ئەمەش بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا. 
 
توێژینەوەیەکی ئەمساڵی زانایان لە زانکۆی لیدزی بەریتانی بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی کەشناسیی دانیمارکی ئاشکرایان کردووە، لەماوەی ساڵانی 2002 بۆ 2021، 280 گیگاتۆن سەهۆڵبەندەکانی گرینلاند تواونەتەوە و تەنیا لە ساڵی 2021، 166 تۆن سەهۆڵ تواوەتەوە. هەروەها توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە بە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی، ئاستی ئاوی دەریا ساڵانە 0.8 ملیمەتر زیاد دەکات و رۆژانە 6.7 ملیار مەتر ئاو لە ئەنجامی تواندنەوەی سەهۆڵبەندەکان دەچێتە دەریاکانەوە. لە ساڵانی هەشتاکانیشەوە پلەی گەرمی بە رێژەی 1.5پلە لە ناوچەکە بەرزبووەتەوە. 
 
توانەوەی سەهۆڵبەندەکان و گەرمبوونی ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر راوچییەکانی دەریاش هەبووە.
 
ئاینەر ئینوسگتوک، راوچییە و گوتی: "ماسی زۆر لەم دەریایانە هەن، بەڵام کەشوهەواکە زۆر گەرمە و ماسییەکانیش زۆر بچووکن".
 
سەرەڕای مەترسییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، بەگوێرەی توێژینەوەیەکی پەیمانگەی پۆتسامی ئەڵمانی بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەگەر تەواوی سەهۆڵبەندەکانی گرینلاند بتوێنەوە، ئەوا ئاستی ئاوی دەریا بۆ حەوت مەتر بەرز دەبێتەوە.