ئوسترالیا بڕیاری قەدەخەکردنی ئینستاگرام، فەیسبووک و سرێدز لە منداڵان جێبەجێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای مێتا ئەو منداڵە ئوسترالیانە ئاگادار دەکاتەوە تەمەنیان لە خوار 16 ساڵە کە هەژمارەکانیان لە پلاتفۆڕمەکانی ئینستاگرام، فەیسبووک و سرێدز دادەخات. ئەمەش لەدوای بڕیاری قەدەخەی بەکارهێنانیان لەلایەن حکومەتی وڵاتەکە.
 
کۆمپانیاکەی مارک زوکەربێرگ (مێتا) کە خاوەندارێتیی ئەو پلاتفۆڕمانە دەکات، لە رێگەی نامە و ئیمەیڵەوە ئەو بەکارهێنەرانەی ئاگادار کردووەتەوە، و پێی گوتوون، داتا و زانیارییەکانتان پاشەکەوت بکەن، چونکە لە "4ی کانوونی یەکەمەوە هەژمارەکانتان رادەگیرێن."
 
یاسای قەدەخەکردنەکە لە ئوسترالیا لە 10ـی کانوونی یەکەمەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و جگە لە بەرهەمەکانی مێتا، ژمارەیەک پلاتفۆرمی دیکەش دەگرێتەوە، لەوانە تیکتۆک، یوتیووب، سناپچات، رێدیت و ئێکس. بەڵام ئەو پلاتفۆرمانەی قەدەخەکردنەکە نایانگرێتەوە ئەوانەن: دیسکۆرد، مەسنجەر، رۆبلۆکس، واتسئەپ و یوتیووب کیدز.
 
لە 4ـی کانوونی یەکەمەوە، منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ ناتوانن لەسەر پلاتفۆرمەکانی مێتا هەژمار دروستبکەن.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، داوای لە بەکارهێنەرە گەنجەکان کردووە زانیارییەکانی پەیوەندیکردنیان نوێبکەنەوە، تاوەکو لە کاتی گەیشتن بە تەمەنی رێگەپێدراو بۆ کردنەوەی هەژمار، ئاگاداربکرێنەوە.
 
مێتا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هەرزەکارانەی دەڵێن، تەمەنیان رێگەپێدراوە بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، فەیسبووک و سرێدز، دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن و لە رێگەی تۆمارکردنی "ڤیدیۆیەکی سێڵفی"ـیەوە تەمەنی خۆیان بسەلمێنن، کە دواتر لەڕێگەی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی رووخسارەوە پشکنینی بۆ دەکرێت. یاخود بەڵگەنامەی فەرمی حکومی بۆ سەلماندنی تەمەنیان پێشکێش بکەن.
 
بە گوێرەی یاساکەی ئوسترالیا هەر پلاتفۆرمێکی سۆشیاڵ میدیا ئەگەر هەنگاوی گونجاو نەنێت بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنەرانی خوار 16 ساڵ، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە کە رەنگە بگاتە 50 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی.
 
بە گوتەی بەرپرسێکی سەلامەتیی ئەلیکترۆنیی ئوسترالیا، ئامانج لەم قەدەخەکردنە پاراستنی هەرزەکارانە 
لەو گوشار و مەترسییانەی کە لە کاتی بەکارهێنانی هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیادا رووبەڕوویان دەبێتەوە.