ئەنجوومەنی ئاسایش ئیدانەی هێرشی حووسییەكان دەكات

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیكگرتووەكان بەكۆی دەنگی ئەندامانی، ئیدانەی هێرشی چەكدارانی حوسی بۆ سەر كۆشكی كۆماری لە یەمەن كرد و پاڵپشتی خۆیشی بۆ عەبد رەبە مەنسوور هادی سەرۆكی یەمەن راگەیاند.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاندووە، كە عەبد رەبە مەنسوور هادی دەسەڵاتی شەرعیە لە یەمەن و داواشی لە سەرجەم لایەنەكانی ئەو وڵاتە كردووە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری لە یەمەن پاڵپشتی لە سەرۆكی ئێستای وڵات بكەن.

هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش داواشیكردووە بۆ چارەسەری كێشەكان لایەنەكان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانووستاندنەكان، بەڵام بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لە سەپاندنی هیچ سزایەك بەسەر چەكدارانی حوسیدا نەكردووە.

هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو لەبارەی كێشەكانی یەمەن لە ریازی پایتەختی سعودیە كۆببنەوە.

سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە یەمەندا.

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی CNNی ئەمریكی بڵاویكردەوە، كە دوو كەشتی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكا شوێنی خۆیان لە دەریایی سوور گۆڕیوە بۆ ئەوەی لە هەر كاتێكدا كە واشنتن فەرمانیان پێ بكات كارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە سەنعای پایتەختی یەمەن بگوازنەوە.