ئۆباما: هاوپەیمانین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە

رووداو - واشنتن

باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە وتارێكدا كە لەبەردەم كۆنگرێس پێشكەشیكرد رایگەیاند: "سەركردایەتیكردنی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی وایكردووە داعش لاواز بێت".

ئۆباما لە وتارەكەیدا ئاماژی بەوەدا كە: "15 ساڵ بەسەر ئەم سەدە نوێیەدا تێپەڕیوە، 15 ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كۆمەڵێك كێشەی شەڕی بەردەوام هەبوو كە ئەم نەوە نوێیە رووبەڕووی بووەوە، هەروەها هەندێك هەڕەشە بۆ سەر ئێمە و جیهان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لاپەڕەیەكی نوێ دەكەینەوە". گوتیشی: "بە بەراوردكردن لەگەڵ ساڵی 1999 تاوەكو ئێستا ئابوورییەكەمان بەهێزتر و گەورەتر بووە، رێژەی بێكاریش كەمترین ئاستی بەخۆیەوە بینیوە و هاونیشتیمانییەكانمان باشتر ژیانیان دابینكراوە و كەمترین پشتبەستنمان هەیە بە نەوتی بیانی".

ئۆباما كۆتاییهاتنی ئەركی شەڕكردنی هێزەكانیان لە 11 ی سێپتێمبەری 2001ـەوە لە ئەفغانستان راگەیاند و گوتی: "6 ساڵ بەر لە ئێستا نزیكەی 180 هەزار سەربازی ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراق بوون،  ئەمڕۆ لە 15 هەزار كەمترن". ئۆباما دەڵێ: "ئەوەی دەمەوێ بیكەم وڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە كە چۆن سەرۆكایەتیكردنی دونیا لەلایەن ئەمریكاو وەكخۆی بهێڵمەوە، یەكێك لە وڵامەكان ئەوەیە هێزی ئەمریكا بنێرینە ئەو شوێنانەی كە لێوەی رووبەڕووی هەڕەشە دەبینەوە، بەڵام ئەم رێگایە دوژمنەكانمان دەیانەوێ، لە جیاتی ئەمە دیبلۆماسیەت تێكەڵی هێزی سەربازی دەكەین، كە رێگەیەكی زیرەكانەترە".

ئۆباما پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر بە گرنگ وەسفكرد و  گوتی: "دەمانەوێ لە جیهاندا جیاوازییەك دروستبكەین،  لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە لە پاكستانەوە تاوەكو پاریس رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە بە هاوپەیمان دەمێنینەوە، بەردەوام دەبین لە راوەدونانی تیرۆریستان و نەهێشتنی ئەو تۆڕانەی هەیانە". هەروەها گوتیشی: "رووبەڕووی هەموو ئەو تیرۆریستانە دەبینەوە كە هەڕەشەن بۆ سەر ئێمە و دۆستەكانمان".

باراك ئۆباما ئاماژەی بە فێربوونی كۆمەڵێك وانەكرد لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا و گوتی: "لەبری ئەوەی ئێمە سەبازی ئەمریكی بنێرینە ئەفغانستان، ئێمە مەشق بە سەربازە ئەفغانییەكان دەكەین و بەڕێوەیان دەبەین". لەبارەی رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ داعش گوتی: "سەركردایەتیكردنی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی وایكردووە داعش لاواز بێت و بەرەوپێشچوونەكانی بوەستێندرێ".

جەختیشی لە هاوكاری و هەماهەنگی وڵاتەكەی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كردەوە و گوتی: "ئێمە سەركەوتوو دەبین، دەمەوێ ئەمشەو داوا لە كۆنگرێس بكەم كە نیشانیبدەین هەموومان بەیەكەوەین و یاسایەكی نوێ دەربكەین بۆ رێگەدان بە بەكارهێنانی هێز دژ بە داعش".

لەبارەی رووسیا و كوباوە، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گوتی: "ئەمڕۆ ئەمریكا بەهێزەوە لەگەڵ دۆستەكانی ماوەتەوە و دۆستی هەیە، بەڵام رووسیا بێكەس بووە، ئەوەیە ئەو كارەی ئەمریكا دەیكات و بەردەوام دەبین لەسەری". لەبارەی سیستمی كوباشەوە گوتی: "لە كوبا كۆتایی بە سیاسەتێك دەهێنین كە ماوەیەكی زۆر بوو بەسەرچووبوو". لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی:  "لەماوی 10 ساڵی رابردوودا بۆ یەكەمجار توانیمان رێگە لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بگرین، تا بەهاری ئەمساڵ چانسمان هەیە وتووێژ بكەین و رێگە لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بگرین، بۆ ئەوەی هەم ئەمریكا هەم دۆستەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەست بە ئارامی بكەن، بۆ نموونە ئیسرائیل".