ترەمپ: یەک ملیار درەخت دەچێنین

 
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە 21-01-2020 لە داڤۆس بەشداریی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان دەکات و لە ئەمریکاش ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی دەستیان بە لێپێچینەوە لە ترەمپ کرد.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا سەرکردایەتیی ئابووری جیهان دەکات و گوتیشی "ئەمریکا گەشەیەکی ئابووریی بەخۆوە بینیوە کە جیهان هەرگیز پێشتر بەخۆیەوە نەیبینیوە، ئەمریکا سەرکەوتنێک بەدەستدەهێنێت کە هەرگیز پێشتر بەدەستینەهێناوە".
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لە دەستبەکاربوونیەوە حەوت ملیۆن هەلی کاریان بەدەستهێناوە و رێککەوتنی بازرگانی گرنگیان ئەنجامداوە.
 
دۆناڵد ترەمپ ئەوەی خستەڕوو، لە ئیدارەی پێشوو 67 هەزار کارگەیان داخستووە و لەژێر چاودێریی ئەودا 12 هەزار کارگەیان وەگەڕخراونەتەوە یان دروستکردووە و دەڵێت "خەونی ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی باشتر و گەورەتر لەپێشوو دەگەڕێتەوە".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "لەوانەیە پەیوەندیمان لەگەڵ چین هەرگیز وەکو ئێستا باش نەبووبێت".
 
پەیوەست بە ژینگە و وەک دەستپێشخەرییەک بۆ کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، ترەمپ رایگەیاند "یەک ملیار درەخت دەچێنین".