تەقینەوەیەک لە غانا روویدا و 17 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
تەقینەوەیەک لە رۆژئاوای غانا روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 59 کەسی دیکەش برینداربوون. ئەوەش دوای ئەوە هات کە بارهەڵگرێکی پڕ تەقەمەنی خۆی بە ماتۆڕێکدا کێشا. 
 
تەقینەوەکە لە شاری بۆگۆسۆ روویدا کە نزیکەی 300 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای ئەکرای پایتەختی غانا و پاشماوەی خاپوورکراوی گەورەی بەدوای خۆیدا جێهێشت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 20-1-2022 کۆجۆ ئۆپۆنگ، وەزیری راگەیاندنی غانا رایگەیاند، "بەداخەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 59 کەسی دیکەش رزگارکراون و بردراون بۆ نەخۆشخانە".
 
وەزیرەکە گوتیشی ئاماژە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە "رووداوێک لە نێوان بارهەڵگرێکدا کە مین و تەقەمەنیی بۆ کۆمپانیایەکی هەڵکەندنی کانی هەڵگرتبوو لەگەڵ ماتۆڕێک و ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا روویداوە". 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەش، لەو 59 کەسەی کە برینداربوونە، 42 کەسیان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، کە برینی بەشێکیان قووڵە.
 
دوای رووداوەکە، نانا ئاکوفۆ ئادۆ، سەرۆکی غانا رووداوەکەی بە تراژێدیا ناوبرد و سەرەخۆشیی لە کەس و کاری قوربانیان کرد.