مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی لوبنان: دەبێت لە سووریا رێز لە مافی کورد بگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە داڤۆس، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی لوبنان کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە کێشەکانی سووریا دەبێت لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و رێز لە مافی کورد و گشت پێکهاتەکان بگیرێت.
 
رۆژی چوارشەممە (21-1-2026)، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراون.
 
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی سووریا؛ هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە و کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانی سەربازی کردەوە.
 

مەسرور بارزانی و نەواف سەلام هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و رێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان چارەسەر بکرێن."