چین؛ فڕۆکەیەکی مەدەنی بە 132 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی مەدەنیی چین بە 132 سەرنشینەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری ئەو وڵاتە کەوتەخوارەوە و تێکشکا؛ باس لەوە دەکرێت کە پێناچێت هیچکام لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە رزگاریان بووبێت. سەرۆکی وڵاتەکەش دەڵێت، "تووشی شۆک بووین".
فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ 737 بووە و سەر بە هێڵی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی چین بووە، لە شاری کونمینگ-ەوە بۆ شاری گوانگژۆ فڕیوە و لە بەرزاییەکانی پارێزگای گوانگشی کەوتووەتەخوارەوە و سووتاوە.
ترسی ئەوە هەیە کە هیچکام لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بە زیندوویی نەمابنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوان و راگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەی قوربانیانی ئەو رووداوە نەخراوەتەڕوو.
بەو پێیەی کە 12 ساڵە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە هێڵە ئاسمانییەکانی چین رووینەداوە، بەگشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بە سەلامەت هەژمار دەکرێن.
میدیای فەرمیی چین رایگەیاندووە، تیمێکی فریاکەوتن کە لە زیاتر لە 600 کەس پێکدێن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. ئاگرکوژێنەوەش گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و ئەو ئاگرەیان کۆنترۆڵکردووە کە لە دارستانی سەر چیاکە بەهۆی سووتانی فڕۆکەکەوە کەوتووەتەوە.
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چین وێنە و ڤیدیۆی شوێنی رووداوەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن گوندنشینانی نزیک لە شوێنی رووداوەکە تۆمارکراون، تێیاندا ئاگر و دووکەڵێکی زۆر دەردەکەوێت کە لە چواردەوری فڕۆکەکە دەبینرێت.
سەرۆکی چین بۆ تیمەکان: هەموو تواناکانتان بخەنەگەڕ
شی جینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و رزگارکردن کردووە، "هەموو تواناکانیان" بخەنەگەڕ بۆ رزگارکردنی سەرنشینەکان و دۆزینەوەی "هۆکاری رووداوەکە بە زووترین کات".
سەرۆکی چین دەڵێت، کە زانیاریی پێگەیشتووە لەبارەی کەوتنەوەی رووداوەکەوە "تووشی شۆک بوون".
مەرگەساتبارترین رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە چین لە ساڵی 1994 تۆمارکراوە کە تێیدا 160 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە فڕۆکەیەکی بازرگانیی سەر بە هێڵی ئاسمانیی باکووری رۆژهەڵاتی چین کەوتەخوارەوە.