لە ئەفغانستان تەقینەوەیەکی خۆکوژی روویدا و سێ کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری قەندەهارـی باشووری ئەفغانستان تەقینەوەیەکی خۆکوژی روویدا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس کوژراون و لانیکەم 12 کەسیش بریندارن.
ئەنعاموڵڵا سەمنغانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی ویلایەتی قەندەهار رایگەیاند "تەقینەوەکە نزیکەی کاژێر 08:00ی بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) روویداوە، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسیش بریندارن."
بە گوتەی ئەنعاموڵڵا، تەقینەوەکە خۆکوژی بووە، ژمارەیەک کەسی کردووەتە ئامانج، کە لەبەردەم بانکی کابوولی نوێ لە شاری قەندەهار بوون بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری ویلایەتی قەندەهار ئاماژەی بەوە دا؛ سەرجەم قوربانیانی رووداوەکە، کەسانی سڤیلن.
لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە هاوینی ساڵی 2021 و کشانەوەی هێزە بیانییەکان، تاڕاددەیەک دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە جێگیر بووە، هێرش و تەقینەوەکان بەراورد بە رابردوو کەمتر بوون . بەڵام هێشتا هەندێک گرووپی چەکدار هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەفغانستان، لەوانە لقی ئەفغانستانی رێکخراوی داعش.