لەگەڵ نزیکبوونەوەی دانوستاندنەکان؛ نرخی سووتەمەنی لە پاکستان 2 بەرامبەر گران بووە
رووداو دیجیتاڵ
لە ژێر سێبەری بێدەنگیی ئەم شارەدا، جیهان چاوەڕوانی بیستنی گرنگترین هەواڵی ئەم رۆژانەیە. هەموو ئامادەکارییەکی ئەمنی و تەکنیکی کراوە، بەڵام چارەنووسی کۆبوونەوەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا هێشتا نادیارە.
لە ناو جەرگەی هەواڵە سیاسییەکاندا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی پاکستان رەنگدانەوەی جیاوازی هەیە. ئەم رۆژانە خواست لەسەر کڕینی دراوی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ سەدان کەس بە ئامانجی قازانجکردن، دراوی "1 ملیۆن ریاڵی" و "100 هەزاری" دەکڕن.
ئەم بڕە پارەیە کە 10 ملیۆن ریاڵە و لە ئێراندا بەرامبەر بە 1 ملیۆن تمەنە، ئێستا خەڵک لە پاکستان بە 6 هەزار رووپیە دەیکڕن، لە کاتێکدا پێش گرژییەکان بە 2000 رووپیە بووە. کڕیاران هیوایان وایە ئەگەر دانووستاندنەکان سەر بگرن، دراوەکە بە قازانجێکی 10 بەرامبەر بفرۆشنەوە.
کاریگەرییەکانی شەڕ و گرژییەکان لە ناوخۆی پاکستان زیاتر لە نرخی بەنزین و گازی ماڵاندا رەنگی داوەتەوە و نرخی هەردووکیان دوو هێندە بووە. محەممەد، کە هاووڵاتییەکی پاکستانییە، دەڵێت پێشتر بۆ کڕینی هەر بتڵێکی گەورەی گاز 11 هەزار رووپیەی دەدا، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 21 هەزار رووپیە (نزیکەی 90 دۆلار).
محەممەد ئەکرەم دەڵێت: "گەورەترین کێشەی کارەکەمان ئەوەیە کە ئێستا حکوومەت سنووردارکردنێکی داناوە؛ دەبێت لە کاتژمێر 10ی شەو تاوەکو بەیانی، چێشتخانە و بازاڕەکان داخرێن. ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر کارەکەمان هەبووە، چونکە کافتریایەکەمان 24 کاتژمێری بوو. پێشتر تێچووەکانمان لە ماوەی 24 کاتژمێردا دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ناچارین هەمان ئەو تێچووانە تەنیا لە ماوەی 16 کاتژمێردا قەرەبوو بکەینەوە."
سەرباری ئەم گرانبوونی سووتەمەنییە، بەهۆی هەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندا، نرخی خۆراک و کەلوپەلی رۆژانە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، باسی گەرمی نێو شەقامی پاکستان، پرسی ئاشتەواییە کە لە رێگەی ئیسلامئابادەوە هەوڵی بۆ دەدرێت.
ئافاق خان، هاووڵاتییەکی دیکەی پاکستان، دەڵێت:"من پێم وایە ئاشتی گرنگە، چونکە ئێران هێزێکی گەورەی ئەتۆمییە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمریکا هێزێکی گەورەی جیهانییە. ئەگەر ئەم دووانە بکەونە شەڕەوە، کارەساتێکی گەورە لە سەرانسەری جیهاندا روودەدات. ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین و هەموو ئەو شتانە دابنێت کە دەیانخۆین، ئەمەش بۆ ئێمە باش نییە. ئێمە ئاشتی و پەیوەندیی باشمان دەوێت، چونکە ئەمە بۆ باشتربوونی وڵاتەکەمان، ژێرخانەکان و بە گشتی بۆ هەمووان باشترە."
دەرەنجامی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەرچۆنێک بێت، پاکستان بەردی بناخەی پەیوەندییەکی قووڵ و جیاواز لە رابردووی لەگەڵ هەردوولا داناوە.