بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ، دەست لەو پۆستە دەکێشێتەوە کە لە ستیڤ جۆبس بۆی مابووەوە، بەمەش کۆتایی بە سەردەمێکی نزیکەی 15 ساڵە دەهێنێت کە تێیدا بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە زیاتر لە 3.6  تریلیۆن دۆلار بەرزبووەوە.
 
کوک کە تەمەنی 65 ساڵە، لە 1ی ئەیلوولدا ئەرکەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکار رادەستی (جۆن تێرنوس)، سەرۆکی ئەندازیاری (هاردوێر)ی ئەپڵ دەکات، لە کاتێکدا خۆی وەک سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی کارگێڕی لە کۆمپانیاکە دەمێنێتەوە کە بنکەکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە. 
 
ئەم هەنگاوە هاوشێوەی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە جێف بێزۆسی ئەمازۆن و رید هاستینگسی نێتفلێکس کردیان، دوای ئەوەی کۆتاییان بە خولی کارکردنی سەرکەوتوویان هێنا وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار.
 
کوک لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "گەورەترین شانازی ژیانم بووە کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ بم و متمانەم پێ بکرێت بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆمپانیایەکی وەها دەگمەن. بە هەموو هەستەوە ئەپڵم خۆشدەوێت، و زۆر سوپاسگوزارم کە هەلی ئەوەم بۆ رەخسا کار لەگەڵ تیمێک لە مرۆڤی ئاوا لێهاتوو، داهێنەر، بەهرەمەند و خەمخۆردا بکەم."
 
هەرچەندە کوک هەرگیز نەیتوانی ئەو تێڕوانینە بڕەوێنێتەوە کە گوایە ئەو خاوەن دیدگایەکی وەک جۆبس نییە، بەڵام توانی سوود لە نێوبانگی ئایفۆن و ئەو داهێنانە گەورانە وەربگرێت کە پێشینەکەی رێکیخستبوون، بۆ ئەوەی ئەپڵ بگەیەنێتە لووتکەیەک کە لە ناوەڕاستی ساڵانی 1990کاندا، کاتێک کۆمپانیاکە لە لێواری مایەپوچبووندا بوو، بە خەیاڵدا نەدەهات.