گەنجێکی عێراقی داوایەک بۆ بەرزکردنەوەی قورئان و ئاڵای عێراق دەداتە پۆلیسی سوێد
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی عێراقی لە سوێد داوایەکی پێشکێشی پۆلیسی ئەو وڵاتە کردووە بۆ ئەوەی رێگەی پێبدرێت گردبوونەوەیەک رێکبخات و قورئان و ئاڵای عێراق بەرزبکاتەوە، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر رەفتاری پەنابەرێکی عێراقی کە رۆژی پێنجشەممە لە ستۆکهۆڵم سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز کرد.
گەنجە عێراقییەکە، کە ناوی ئەحمەد یەعقوبییە، بە رادیۆی سوێد 24ـی راگەیاندووە، داواکارییەکی پێشکێشی پۆلیسی ئەو وڵاتە کردووە و تێیدا داوا دەکات رێگەی بدەن گردبوونەوەیەک لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت رێکبخات بۆ ئەوەی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لەسەر سەریان بەرزبکەنەوە.
یەعقوبی دەڵێت، "ئامانجمان گەیاندنی بیرۆکەیەکە بە هەموو خەڵک و ئایینەکان، کە ئێمە کتێبە پیرۆزەکان ناسووتێنین و سووکایەتی بە هیچ کەس و ئاڵایەک ناکەین."
ئەحمەد یەعقوبی چاوەڕێی رەزامەندیی پۆلیسە، داواش لەو کەسانە دەکات کە وەکو ئەو بیر دەکەنەوە، بەشداریی لە چالاکییەکەیدا بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 20-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
بەهۆی ئەو رووداوەوە عێراق بڕیاری دا هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەکەی لە سوێد بکشێنێتەوە و داوای لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد عێراق بەجێبهێڵیت، ئەوەش واتە بچڕانی پەیوەندییەکان.
هاوکات بەرەبەیانی پێنجشەممە پێش ئەوەی سەلوان مۆمیکا سووکایەتی بە قورئان بکات، لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان، ئەوەش نیگەرانیی سوێد و ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای لێکەوتەوە و سەرکۆنەیان کرد.