دۆستە فەیلەسووفەکەی پووتین چۆن لە مردنێکی مسۆگەر رزگاری بوو؟


رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی شەممە ئەلێکساندەر دوگین، فەیلەسووف و رووناکبیری رووسی و دۆستی نزیکی ڤلادیمیر پووتین لە فیستیڤاڵێکی میللی لە مۆسکۆ گوتارێکی پێشکێشکرد و هەوادارێکی زۆری لە خۆی کۆکردەوە، یەکێک لە هەوادارەکان داریا دوگینی تەمەن 29 ساڵی کچەکەی بوو کە هاوبیری باوکییەتی.
 
لە دوای تەواوبوونی فیستیڤاڵەکە، بڕیاربوو ئەلێکساندەر و کچەکەی بە هەمان ئۆتۆمبێل بگەڕێنەوە کە پێی هاتبوون، بەڵام لە دوا خوولەکدا باوکە فەیلەسووفەکە بۆچوونی خۆی دەگۆڕێت و بڕیاردەدات بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە بگەڕێتەوە و کچەکەشی بە یەکێکی دیکە. ئەو ئۆتۆمبێلەی کچەکەی پێ دەگەڕێتەوە، بۆمبێک لەژێریدا دەتەقێتەوە و گڕدەگرێت.
 
بەرپرسانی رووسی پشتڕاستیان کردەوە کە داریای کچی ئەلێکساندەر هەر لە شوێنی رووداوەکە لە نزیک گوندی بۆلشی ڤیازیم لە باشووری رۆژئاوای مۆسکۆ گیانی لەدەستداوە.
 
هەواڵەکە خێرا بڵاوبووەوە و هۆکاری خێرا بڵاوبوونەوەکەش ئەلێکساندەری باوکییەتی کە هەرچەند هیچ پۆستێکی حکومی نییە، بەڵام کەسایەتییەکی خاوەن کاریزمای دەستڕۆیشتووی رووسییە کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە پلە یەک گوێی بۆ دەگرێت و بەتایبەتیش لە هێرشی سەر ئۆکراینا.
 
ئەلێکساندەر کێیە؟
 
ئەلێکساندەر دووگین، رووناکبیر و فەیلەسووفێکی دیاری رووسییە و لە ساڵی 1962 لە مۆسکۆ لە بنەماڵەیەکی سەربازیی پلەدار لەدایکبووە، زۆربەی تەمەنی لاوێتی وەکو کەسێکی دژە کۆمۆنیست بەسەر بردووە. تەنانەت میدیای بەریتانی وا ناوی دەهێنن کە هاوبیربووە لەگەڵ نازییەکانی ئەڵمانیا. ئەلێکساندەر لە ساڵی 1993 پارتی نیشتمانیی بۆلشیڤیزمیان دامەزراند کە بزووتنەوەیەکی رادیکالی سیاسی بوو، تاوەکو 2007 لەنێو هاوکێشەی سیاسیی رووسیا ناوی هەبوو. لە ساڵی 1997 ئەلێکساندەر دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی گوتار و هانی رووسیایدا لە رێگەی دروستکردنی هاوپەیمان و رووخاندنی دژبەرانی و هەروەها ئاڵنگاریکردنی ئەمریکا، لەسەر ستەیجی نێودەوڵەتی خۆی دەربخات. بەڵام دوای جێهێشتنی بزووتنەوە سیاسییەکەی، دووگین لە پەرەپێدانی بیرۆکەی بە ئاسیاکردنی ئەوروپا بەردەوامبوو، تەنانەت لە 2002دا پارتی یۆرۆسیای دامەزراند و چەندین کتێبی بڵاوکردەوە، لەنێویاندا "چوارەم تیرۆری سیاسی".
 
دووگین لە دوای 2000ەکان کرایە راوێژکاری جینادی سیلینیۆڤ، سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا و سێرگی ناریشکین، سەرۆکی پارتی یەکگرتووی رووسیا. لە 2009 تاوەکو 2014 کرایە سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی مۆسکۆ.
 
ئەلێکساندەر لە لای میدیای رۆژئاوا بە فەیلەسووفێکی نەتەوەپەرستی دژەرۆژئاوا ناودەبرێت و دەگوترێت، هاوکارێکی گەورەبووە بۆ پووتین لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوە و لەنێویاندا مامەڵەی رووسیا لەگەڵ پرسی ئۆکراینا و گرێدراوەکانی، بەڵام لەنێو مۆسکۆدا بۆچوونی پێچەوانە هەن و دەگوترێت کە ئەو پیاوە زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەکراوە. 
 
بۆچی کچەکەی؟
 
داریا دووگین لە زۆربەی کردار و گوفتارەکانی شوێنپێی باوکی کەوتبوو، رۆژی پێنجشەممە، دوو رۆژ بەر لە کوژرانی لە پەخشی راستەوخۆدا گوتی، "پیاو لە خەوندا دەژی، خەونێک کە لە هەژموونی جیهانەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە" رۆژی هەینیش گوتارێکی پێشکێشکرد بەناوی "نەخشە عەقڵییەکان و رۆڵیان لە شەڕی گرووپ گرووپێن." دەنگۆی کۆمەڵکوژیی خەڵکی بووچا لەلایەن رووسیاوەی بە ساختەکراو وەسفکرد.
 
بەر لە کوژرانیشی لە رۆژی شەممەدا، لەگەڵ باوکی بەشداریکرد لە فیستیڤاڵێکی نەتەوەیی لە مۆسکۆ کە پێیدەڵێن "میللییەکان". داریا لە دواین سێڵفیدا لەگەڵ باوکی دەردەکەوێت قردێلەیەکی مغاویری لە ناوقەدی بەستووە.
 
مانگی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر داریای کچی ئەلێکساندەر سەپاند و بە "کەسایەتییەکی باڵای کارا لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست لەسەر شەڕی ئۆکراینا" ناوی هێنا. لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئەمریکا داریای وەکو سەرنووسەری ماڵپەڕێکی ئینگلیزی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بەناوی Yevgeny Prigozhin ناوبردبوو. داریا یەکێک بوو لە نووسەرانی کتێبێک لەبارەی ئۆکراینا کە بە Z Book ناونرابوو کە Z ئاماژەیەکە بۆ سوپای رووسیا لە شەڕی ئۆکراینادا. داریا لە مانگی حوزەیران سەردانی شاری ماریوپۆلی ئۆکراینای کرد، رووسیا لە شەڕێکی دەستەویەخەی خوێناوی لەژێر دەستی هێزەکانی ئازۆڤی نزیک لە کیێڤ دەریهێنا.
 
کێ دەستی لە پشت هێرشەکەوەیە؟
 
هێشتا روون نییە و هیچ بەڵگەیەک نییە کە کێ دەستی لە پشت تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی کچەکەی ئەلێکساندەرەوە هەیە، بەڵام دێنیس پوشیلین، سەرۆکی هێزە جوداخوازەکانی هەرێمی دانپێدانەندراوی دۆنێتسک گومانێکی نەهێشتووەتەوە لەوەی ئۆکراینا دەستی لە پشت کوشتنی داریای کچەکەی ئەلێکساندەر هەبێت. لە تۆڕی تەلەگرام دێنیس نوسیویەتی، "تیرۆریستانی رژێمی ئۆکراینا هەوڵی لەنێوبردنی ئەلێکساندەر دووگین دەدەن، ئۆتۆمبێلی کچەکەیان تەقاندەوە... ئەو کچێکی راستەقینەی رووسی بوو. لەیادمان دەمێنێتەوە." ئۆکراینا رەتیکردووەتەوە دەستیان لەو هێرشەدا هەبووبێت.
 
ویل ڤێرنۆن، شرۆڤەکاری بەریتانی شارەزا لە کاروباری رووسیا دەڵێت، رووداوی لەم جۆرە بەرپرسان لە مۆسکۆ دەخاتە باری شڵەژانەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەمدواییانە زنجیرەیەک هێرش نیمچە دوورگەی کریمیایان هەژاند کە لە 2014ەوە رووسیا لکاندوویەتی بەخۆیەوە، چەند تەقینەوەیەکیش لە شار و شارۆچکە سنوورییەکانی رووسیای لەگەڵ ئۆکراینا روویاندا.
 

"عەقڵی پووتین"
 
نە فەیلەسووفەکە و نە کچەکەی هیچ رۆڵێکی فەرمیان لەنێو حکومەتی رووسیادا نییە، بەڵام ئەلێکساندەر بە راوێژکار و دۆستێکی نزیکی پووتین دەناسرێت، هەندێ کەس پێی دەڵێن "عەقڵی پووتین" هەندێکی دیکە بە "گریگۆری راسپووتین" دەیچوێنن کە لە سەدەی هەژدەدا لە رێگەی ئایین و خۆپێشاندان وەکو کەسێکی نزیک لە عیسا مەسیح بووە بە دەستەڕاستی قەیسەری رووس و تەنانەت سەرجەم وەزیر و کاربەدەستانی قەیسەر لە قسەی دەرنەدەچوون.
 
داریای کچی ئەلێکساندەر رۆژنامەنووس بوو، هاوشێوەی باوکی لەگەڵ هێرشی رووسیا بوو بۆ سەر ئۆکراینا، هاوبیر بوو لەگەڵ باوکی. سەرەتای ئەمساڵ داریا لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا سزادرا و گەشتی هەردوو وڵاتەکەی لێ قەدەخەکرا.
 
لە مانگی ئایاردا، داریا شەڕی ئۆکراینای ناونا "پێکدادانی شارستانییەت"، شانازیشی بەوەکرد کە خۆی و باوکی کراونەتە ئامانجی سزاکانی رۆژئاوا.
 
ئەلێکساندەر لە 2015دا لەلایەن ئەمریکا بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی بەخۆوەلکاندنی کریمیا لەلایەن رووسیاوە سزادرا.
 
دەگوترێت نووسینەکانی کاریگەریی گەورەیان بەسەر بۆچوونی پووتینەوە هەبووە، ئەلێکساندەر بە گەورە ئەندازیاری ئایدۆلۆژیای ئەوپەڕی نەتەوەپەرستی رووسی لەلایەن میدیای رۆژئاوا ناودەبرێت کە ئایدۆلۆژیاکەی لەلایەن زۆربەی کاربەدەستانی کرێملینەوە پشتگیری لێکراوە.
 
دووگین لە چەندین بۆنەدا داوای لە مۆسکۆ کردووە لە مەیدانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستی تووندتر پێشانبدات و هاوکات پشتگیری شەڕی ئۆکرایناشی کردووە.