کوردانی ئەمریکا خۆشحاڵن بە کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال

رووداو - واشنتن
 
بە هەزاران هاونیشتمانی کوردانی ئێزدی چاوەڕوانی ئەو رۆژە بوون، کە پێشمەرگە بە پشتیوانیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان شنگال لە دەستی داعش رزگار بکەن و ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و بکەونە دوای سۆراخی ئازیزەکانیان.

کوردی تاراوگەنشین لە ئەمریکا، لە رۆژەوەی هەواڵە ناخۆشەکان بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، ئەوانیش چاوەڕوان بوون لەگەڵ دڵی کوردانی ئێزدیدا ئاهێکی ئارامی هەڵکێشن، هەرچەندە بۆ کوردانی ئێزدی سەختە گەڕانەوە بۆ شوێنێک، کە بەشێک لە دانیشتووانەکەی بێ چارەنووسن.

بەر لە گرتنەوەی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، رەنگە جەژنی رۆژووی کوردانی ئێزدی لەچاو ساڵانی رابردوو تاموچێژی نەبووبێت، بەڵام ئێستا رەنگە جەژنەکەیان بووبێتە دوو جەژن.

گرەوی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ گرتنەوەی شنگال مەرجە قورسەکە بوو، بەڵام لەوەش گرنگتر رەنگە تۆکمەکردن و پاراستنی بێت لە جوگرافیایەک کە بە قازانجی دانیشتووانەکەی نییە.