وێنەی ژن و منداڵێكی كۆچبەری كورد ئیتاڵییەكانی گریاند

رووداو – رۆما

ئەفریقایی هەمیشە وەك سیمبولی هەژاری و پەناخوازی سەیر دەكرێن، بەتایبەتی لە ئیتاڵیا، چونكە بەشی هەرەزۆری پەناخوازانی ئەفریقی لەڕێی ئیتاڵیاوە خۆیان دەگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا. بەردەوامیش لە ترسی هەژاری و نەخۆشی رێگای پڕ لە مەترسی دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ژیانێكی باشتریان هەبێت، بەڵام ئەمجارەیان هاوار و گریانی ژن و منداڵێكی كورد ئیتاڵییەكانی شۆك كرد و سەرۆكی شارەوانیی ناوچەیەكیش لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا بۆیان گریا.


چەند رۆژێك پێش بە هاناوەچوونی ژمارەیەك كۆچبەر، تیمە فریاگوزارییەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی تۆڕێ‌ مێلسیای ئیتاڵی 49 كۆچبەری ئەفریقییان لە خنكان رزگار كرد. كۆچبەرەكان خۆیان گەیاندە ناوچە كەناراوییەكانی نزیك ماڵتا، لەوێ چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد كە حكومەتی ئیتاڵیا پێشوازییان لێ بكات، بەڵام هەر زوو حكومەتی ئیتاڵیا رەتیكردەوە دەرگا بەڕووی ئەو كۆچبەرانەدا بكاتەوە.

رۆژی 10ی ئەم مانگە ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەرانی كورد لە ناوچە كەناراوییەكانی یۆنانەوە خۆیان گەیاندە سنووری ئیتاڵیا، ئەوان بەرەوڕووی رەوشێكی نەخوازراو بوونەوە، بەڵام چانسیان هەبوو، چونكە تیمێكی فریاگوزاریی ئیتاڵی لە ناوچە كەناراوییەكانی سنووری مێلیسا لە هەرێمی كەلابریا لە گەڕاندابوون. ئەو ناوچەیە كە قاچاخچییەكان كۆچبەرانیان بۆ رەوانە كردبوو، ناوچەیەكی دوور لە ئاوەدانییە، بەتایبەتیش كە ئێستا وەرزی زستانە و گەشتیار كەمتر رووی تێدەكەن.

وەك كۆچبەرەكان دەیگێڕنەوە، لەو كاتەی بەلەمەكەیان خەریك بووە نقوم ببێ‌، داوای هاوكاری و بە هاناوەچوونیان كردووە، لەو كاتەدا تیمی فریاگوزاری ناوچە كەناراوییەكانی ئیتاڵیا ئامادە دەبن، هەر زوو بەهانای ئەو كۆچبەرانەوە دەچن، سەرجەم كۆچبەرەكان كە ژمارەیان 51 كۆچبەر بووە، رزگار دەكەن.

جینۆ مورجی، سەرۆكی شارەوانیی تۆڕێ میلیسای سەر بە پارێزگای كرۆتۆنی لە هەرێمی كەلابریای ئیتاڵیا رایگەیاند: "ئەو كۆچبەرانە هەموویان هاووڵاتی ئاسایین و كوردن. ژمارەیان 51 كەس بوو، ژن و منداڵ و گەنجیان تێدابوو، تیمەكانی ئێمە بەشەو بە هانایانەوە چوون و هاوكاری و پێداویستی سەرەتاییمان لەشوێنی رووداوەكە پێشكەشكردن، پاشان هەموویانمان رەوانەی شوێنێكی تایبەت كرد بۆ ئەوەی پشوو بدەن". 

جینۆ مورجی لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا گریا و گوتی:"ئەو كۆچبەرانە هەموویان هاووڵاتی ئاسایی بوون، رێگایەكی پڕ لە مەترسییان هەڵبژاردووە تا خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا، چەند جارێك خەریك بووە بخنێكن، ئەمە كارەساتێكی گەورەیە ژن و منداڵی سێ مانگی ئەم رێگایە بگرنەبەر. من خۆم ئەوانم بینی، بارودۆخی ژیانیان خراپ بوو، رووبەڕووی كەمخۆراكی و سەرما و ترس ببوونەوە".

گریانی سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی تۆڕێ میلیسا، لە ناوەندە میدیایی و  تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. زۆرترین پەیج و ئەكاونتی هاووڵاتیانی ئیتاڵی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وێنەی ئەو ژنە كوردە و منداڵە سێ مانگییەكەیان بڵاوكردەوە. كۆمێنتی بەشداربووانیش دەربڕینی دڵگرانی بوو بۆ ئەو پەناخوازە كوردانە كە رێگایەكی سەخت دەبڕن لە پێناوی ژیانێكی باشتر.

جیانی جالۆ، پیاوێكی تەمەن 45 ساڵانە، لە ئەكاونتەكەی خۆی نووسیویەتی :"هاوكاریی ئەم پەناخوازانە كارێكی جوانە، كاتێك گوێم لە گریانی سەرۆكی شارەوانی بوو، جوانترین وشەم بیركەوتەوە كە بیڵێم، ئەویش دەڵێم: ئیتاڵییەكان میللەتێكی جوانن، دەست بەڕووی بێگانە و لێقەوماوانەوە نانێن".

هەروەها خاتوونێكی ئیتاڵی بە ناوی مارچێلا دەڵێت، ئیتاڵییەكان پێشوازی لە بێگانە و لێقەوماوان دەكەن، ئەمە كارێكی باشە بۆ هەموومان كە دەتوانین هاوكاری لێقەوماوان بكەین، بەڵام با ئەوەیشمان لەبیرنەچێت، لە ئیتاڵیا گرفتی شوێن و دەرفەتی كار قورسە، ئایا دواڕۆژی ئەوان چی دەبێ‌، خۆ دەبێت ئێمە بیر لەم لایەنە گرنگەش بكەینەوە، بەڵام بەداخەوە عاتیفە بەسەرماندا زاڵە.

پێشوازیی ئیتاڵییەكان لە كۆچبەران لەكاتێكدایە حكومەتی نوێی ئەم وڵاتە لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ رێگریكردن لە هاتنی كۆچبەران و پەناخوازان، لەگەڵ ئەوەش لە ناوخۆی ئیتاڵیا بڕیاری نوێی حكومەت ئەوەیە كە هاوكارییەكانی بۆ كۆچبەران كەمتر بكاتەوە، بڕیارەكە ئەو پەناخوازانەش دەگرێتەوە كە لەلایەن كۆمسیۆنی پەنابەرانەوە مۆڵەتی مانەوەیان دراوەتێ‌ و هاوكارییەكەش تەنیا بۆ ماوەی شەش مانگە.

ئەم بڕیارەی حكومەت ناڕەزایی بەشێك لە ئیتاڵییەكانی لێكەوتەوە و پێیانوایە بڕیارێكی راسیستانەیە، بۆیە بڕیارەكە لەلایەن 100 شارەوانییەوە رەتكراوەتەوە و پێیانوایە هاوكاری كۆچبەران ئەركە.