مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تاوتوێی دۆخی سووریا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە داڤۆس کۆبوونەوە. هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکانی سووریا دەربڕی و جەختیان لە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 22-01-2026، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کران.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا "سڵاو و رێز"ـی ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسای بە مەسرور بارزانی گەیاند و جەختی لە "دۆستایەتیی لەمێژینە و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر" کردەوە. لای خۆشییەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە.
تەوەرێکی "سەرەکی و گرنگ"ی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی سووریا. هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشاندا کە ئەو شەڕ و پێکدادانانە "هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە" و دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
سەبارەت بە چارەسەری کێشەکان، مەسرور بارزانی و ژان نوێل بارۆ هاوڕابوون کە پێویستە کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن، بە شێوەیەک کە "مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان" گەرەنتی بکرێت.