جێسیکا فۆستەر؛ سەربازە "شۆخەکەی" ترەمپ کە ملیۆنان کەسی خەڵەتاندووە


رووداو دیجیتاڵ

کەسایەتییەکی شۆخ و سەرنجڕاکێش بە جلی سەربازییەوە، لە تەنیشت فڕۆکەی جەنگیی راپتەر بیست و دوو ئێف وێنە دەگرێ، لە بیاباندا راهێنان دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەردەکەوێ.
 
ئەو خانمە بریتییە لە جێسیکا فۆستەر، ئەو کچەی بووەتە جێگەی سەرنجی لایەنگرانی بزووتنەوەی ماگا یان (جارێکی دیکە ئەمریکا مەزن بکەنەوە)ی دۆناڵد ترەمپ، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە جێسیکا راستی نییە و بە ژیری دەستکرد دروست کراوە.
 
ملیۆنێک فۆڵۆوەرز بۆ مرۆڤێکی خەیاڵی
 
هەژمارەکەی جێسیکا فۆستەر لە ئینستاگرام، تەنیا لە چوار مانگدا توانی زیاتر لە ملیۆنێک فۆڵۆوەرزی هەبێ، بەڵام رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، کۆمپانیای مێتا بڵاویکردەوە، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانیان هەژمارەکەیان سڕیوەتەوە. 
 
هەروەها، هەفتەی رابردووش بە هەمان هۆکار هەژمارەکەی لە پلاتفۆرمی ئۆنلی فانس سڕدرایەوە. ئێستا ژمارەیەک هەژمار بەناوی جێسیکا لە ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هەن، بەڵام هیچیان پەیوەندییان بەو کەسەی سەرەتاوە نییە. 
 
ئەم هەژمارانە تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی دروست نەکرابوون، بەڵکو وەک "تەڵەیەک" بۆ بەدەستهێنانی پارە بەکاردەهاتن. هەژمارەکانی جێسیکا لە ئینستاگرام و ئێکس، بینەرانی ئاراستەی سەکۆکانی وەک ئۆنلی فانس دەکرد، لەوێ هەژمارەکەی جێسیکا بەناوی "جێسیکای دراوسێ" بوو کە گوایە لە (فۆرت براگ) کە بنکەیەکی سەربازیی گەورەیە لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور دەمێنێتەوە. 
 
زۆربەی ئەوانەی کۆمێنتیان بۆ وێنە و ڤیدیۆکان دەنووسی، پیاو بوون و سوپاسیان کرد بۆ "خزمەتە سەربازییەکانی" و پشتیوانیکردنی لە دۆناڵد ترەمپ. 
 
بەڵام کاتێک بەدواداچوون بۆ ناسنامەکەی کرا، دەرکەوت هیچ تۆمارێکی فەرمیی سەربازی بەو ناوەوە لە سوپای ئەمریکادا نییە.
 
سەرەڕای ئەوەی لە هەژمارەکەیدا ئاماژە بەوە نەکرابوو کە وێنەکان بە ژیری دەستکرد دروستکرابوون، بەڵام چەندین نیشانە نەبوونی ئەم کەسایەتییە هەبوون. بۆ نموونە، نیشانە و پلە سەربازییەکانی سەر جلە فەرمییەکەی هاوشێوە نەبوون بوون؛ جارێک وەک عەریف دەردەکەوت، جارێک وەک دەرچووی قوتابخانەی رێنجەرز و جارێکیش وەک ژەنەڕاڵێکی خاوەن یەک ئەستێرە.
 
هەڵە تەکنیکییەکان 
 
دروستکەرە نەناسراوەکانی ئەم کەسایەتییە، لە چەندین وێنەدا جێسیکایان لە تەنیشت سەرکردە گەورەکانی جیهان وەک ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا؛ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و تەنانەت ئەستێرەی تۆپی پێ لیۆنێل مێسیش دادەنا. 
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بەدواداچوونێکدا دەڵێ، دروستکەرەکانی ئەو کەسایەتییە لە هەندێک شوێندا هەڵەی گەورەیان کرد. بۆ نموونە، لە وێنەیەکدا کە گوایە لە کۆنفرانسێکی ترەمپ قسە دەکات، لەسەر تابلۆکە نووسرا بوو "Border of Peace" (سنووری ئاشتی) لە کاتیكدا مەبەستیان "Board of Peace" (ئەنجوومەنی ئاشتی) بوو.
 
پڕوپاگەندە و "سوپای بۆتەکان"
پسپۆڕانی میدیا هۆشدارییان داوە کە ئەمە تەنیا هەڵخەڵەتاندنێکی سادە نەبووە. جوان دۆنۆڤان، مامۆستای زانکۆی بۆستن بە نیویۆرک تایمزی گوت، مەترسیی گەورە ئەوەیە ئەم جۆرە هەژمارە نەناسراوانە بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاریی چەواشە لە کاتی جەنگدا بەکاربهێندرێن.
 
ئەم ستراتیژییە لە دەرەوەی ئەمریکاش پەرەی سەندووە. بەپێی راپۆرتێکی BBC، لەم چەند هەفتەیەی دواییدا سەتان ڤیدیۆی هاوشێوە بڵاوکراونەتەوە کە تێیاندا ژنانی فڕۆکەوان و سەربازی ئێرانی پیشان دەدرێن کە هانی سوپای وڵاتەکەیان دەدەن، لە کاتێکدا لە ئێران ژنان رێگەیان پێنادرێ لە یەکە جەنگییەکاندا بن.
 
راستی بەرامبەر خەیاڵ
 
لەکاتێکدا ملیۆنان کەس لە جیهانی دیجیتاڵیدا سەرقاڵی تەماشاکردنی ئەم سەربازە خەیاڵیانەن، راستیی جەنگەکە بۆ سەربازانی راستەقینە زۆر جیاواز و پڕ لە ئازارە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە 28ی مانگی رابردووەوە کە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" دەستی پێکردووە، نزیکەی 200 سەربازی ئەمریکا لە بەرەکانی جەنگدا بریندار بوون و 15ی دیکەش بریندار بوون. 
 
هاوکات زیاتر لە 2 هەزار هاووڵاتی ئێرانی کوژراون کە پێشبینی دەکرێ دەیان کەسیان فەرماندە و سەرباز بووبن و تەنانەت ژمارەیەک لەو کەسانەش کوژرانیان پشتڕاست کراوەتەوە، بەرپرسی سەربازی بوون.