رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی ناوچەی لانکەشێری بەریتانیا، باوک و کچێکی کورد ونبوون و پۆلیس نیگەرانیی سەلامەتییانە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باوکەکە ناوی ئەحمەدە و بە "کاروان" ناسراوە، تەمەنی 36 ساڵە لەگەڵ دونیای کچە سێ ساڵانەکەی لە هیچ شوێنێک دیار نین.
دوایین جار باوک و کچە کوردەکە بینرابن، 10ی ئەم مانگە بووە لە ناوچەی بلاکپووڵ. 18ی نیسان پۆلیس لە بێسەروشوێنبوونیان ئاگادارکراوەتەوە.
ئەحمەد درێژیی باڵای 162 سەنتیمەترە، چاوی قاوەییە، لەشی پڕە، قژێکی کورتی رەش و ریشێکی رەشی هەیە. دونیای کچی، قژێکی لوولی قاوەیی هەیە، چاوی قاوەییە و درێژی باڵای نزیکەی 90 سەنتیمەترە، ئەمەش وەکو پۆلیسی لانکەشێر باسیان دەکات.
پۆلیس ئاماژە بەوەش دەکات، باوک و کچەکە کەس و ناسیاویان لە شارەکانی مانچێستەر و کێنت هەیە، "رەنگە هێشتا لە بلاکپووڵ بن، بەڵام دەشکرێت دوورتر رۆشتبن."
لی ویڵسن، لێکۆڵەر لە فەرمانگەی پۆلیسی بلاکپووڵ دەڵێت، "ئەمڕۆ داوای هاوکاری لە خەڵک دەکەم بۆئەوەی یارمەتیمان بدەن ئەحمەد و دونیا بدۆزینەوە؛ بێسەروشوێنبوونیان بەم شێوەیە شتێکی نائاساییە و پێویستە بەدوایاندا بڕۆین، بۆئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی سەلامەت و تەندروستن."
ویڵسن دەشڵێت، "دەکرێت ئەوان هێشتا لە بلاکپووڵ و فیڵد بن، یانیش گەشتیان کردبێت بۆ دەرەوەی ناوچەکە. رەنگە ئێوە ئەوانتان بینیبێت، یان رەنگە ئەحمەد بناسن یان پێشتر گوێتان لێی بووبێت باسی گەشتکردنی بۆ شوێنێکی دیکە کردبێت. تکایە وەرنە سەر هێڵ و زانیارییەکانتان بە پۆلیس بدەن، گرنگ نییە چەند کەمیش بن، چونکە دەکرێت بۆ ئێمە ببنە یارمەتییەکی گەورە. هەر زانیارییەک لەلایەن خەڵکەوە پێمان بدرێت، بە نهێنی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەگەر ئەوانتان بینی، یان زانیاریتان لەبارەیانەوە هەیە، تکایە ئاگادارمان بکەنەوە."
پۆلیسی لانکەشێر دوو ژمارە تەلەفۆنی نێوخۆی بەریتانیای داناوە بۆ پەیوەندیکردن کە بریتین لە، 101 هەروەها 999. ئەوانەشی لە دەرەوەی بەریتانیا زانیارییان هەیە، دەتوانن پەیوەندی بە +441772614444 بکەن و پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ