خەلیفە حەفتەر 48 کاژێر بۆ هاووڵاتیانی تورکیا و قەتەر دیاری دەکات

رووداو- ئاژانسەکان

چەکدارانی خەلیفە حەفتەر لە لیبیا ماوەی 48 کاژێریان دیاریکرد بۆ هاووڵاتیانی تورکیا و قەتەر بۆئەوەی رۆژهەڵاتی لیبیا جێبهێڵن، بە پێچەوانەوە دەستگیردەکرێن.

محەمەد حیجازی، گوتەبێژ بە ناوی چەکدارانی خەلیفە حەفتەر رایگەیاند: "پێویستە سەرجەم هاووڵاتیانی تورکیا و قەتەر کە لە نێوان خاڵی سنووری ئەسما و شاری سرت لە لیبیا دەژین لە ماوەی 48 کاژێردا ئەو ناوچەیە جێبهێڵن".

حیجازی پێیوابوو تورک و قەتەرییەکانی نێو رۆژهەڵاتی لیبیا سیخوڕی دەکەن. هەر بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا ناوچەکە جێنەهێڵن دەستگیردەکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا 14-6-2014 چالاکییەکانی كونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە بنغازی راگرتبوو و داوای لە هاووڵاتیانی کردبوو سەردانی ئەو شارە و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی لیبیا نەکەن.