بۆکسەرێکی موسڵمان لەو پەناخوازە عێراقییە دەدات کە قورئانی پیرۆزی سووتاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسە عێراقییەی لە سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاند، رۆژی دووشەممە لەلایەن گەنجێکی بۆکسەری موسڵمانەوە لێیدرا.
دیمەنی ساتی لێدانەکە کە لە نێو شەقام بە مۆبایل تۆمارکراوە، بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە. سەلوان مۆمیکا کە دوو جار کۆپیی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، لە شەقامێکی ستۆکهۆڵم لێیدرا. گەنجێکی موسڵمانی بۆکسەر کە دوو دەستکێشی بۆکسێنی کردبووە دەست، داوای لە سەلوان مۆمیکا دەکرد بەرگری لە خۆی بکات. ماوەی چەند خولەکێک ئەو گەنجە بۆکسەرە لە سەلوان مۆمیکای دا. مۆمیکاش ناو بە ناو دەستی دەوەشاند. دواجار دەستی کردە ستاندێک.
سەلوان مۆمیکا رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2023 و لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. هەروەها رۆژی 31-7-2023 بێڕێزیی بە قورئان و ئاڵای عێراق کرد.
ئەوکات سەلوان مۆمیکا گوتی، "من یاخی و زیرەکم و تاوەکو ئەو کاتەی قورئان لە سوێد قەدەخە دەکرێت، بەردەوام دەبم لە سووتاندنی".
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبراڵ و بێ دین دەناسێنێت. ئەو ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە، دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەگەڵ برا و کەسە نزیکەکانی پەیوەندی خراپە و لەگەڵ باوکیشیدا ناکۆکە.