لە غانا پرسە بە ئاهەنگگێڕان بەڕێوەدەچێت
رووداو - هەولێر
لە وڵاتی غانا بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و جیاواز ماڵئاوایی لە مردوو دەکرێت، لەبری ئەوەی پرسەی بۆ دابندرێت و شین و گریانی بۆ بکرێت، تەرم بەکۆڵ بەرەو گۆڕستان دەبرێت و بەدەم رێگاشەوە سەما و دەهۆڵکوتینی بۆ ئەنجامدەدرێت.
رۆژ دوای رۆژ، گرووپ و دەستە لە غانا پەیدادەبن، کە لەبەرامبەر بڕە پارەیەک، بە دەهۆڵکوتین و سەماکردن تەرم لەسەر شانیان هەڵدەگرن و بەرەوە گۆڕستان دەکەونەڕێ.
بینجامین ئەیدوو، سەرۆکی دەستەیەکی تایبەتە بۆ ناشتنی مردوو بە ناوی نانا، بینجامین دەڵێ "چیدی خەڵک نایانەوێ بگرین و، بیانەوێ یان نا ئێمە زەردەخەنە دەخەینە سەر لێویان، دڵخۆشیان دەکەین. خەڵک پێمان دەڵێن: بەڕاستی کارێکی باش دەکەن، پێمان دەڵێن: واتانکرد لە پرسەدا پێبکەنین".
ماڵئاواییکردن لە مردوو و سەماکردن لەگەڵ تەرمی کۆچکردوو رای غانییەکانی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان دەڵێن، ئازیزەکەیان بەدڵخۆشی ژیاون، بۆچی دوای مردنیان شین و گریانی بۆ بکەن.
ئەنابێلا نامارتێ، نەوەی مردوویێکە و لەبارەی ئەو کولتوورەوە دەڵێ "ئەمە ئەوپەڕی رێزگرتنە لە کۆچکردوو. بەڕاستی دابوونەریتێکی جوانە، پێویستە هانی دۆخەکە بدەین. پێویستە ئەوپەڕی رێز بۆ کەسێک دابنێی کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەسەر زەوی ژیاوە، پێویستە بە گونجاوترین شێوە بینێژیت".
بەشەکەی دیکەیان پێیانوایە، هەڵپەڕکێ و پێکەنین لەکاتی پرسەدا، شێواندنی دابونەریتە میللی و ئایینییەکانە. گابریێل ماوریج، ئامۆزای مردوویێکە و دەڵێ "ئەمە، لە کولتوور و دابوونەریتدا هیچ مانایەکی نییە. لەڕووی ئایینییەوە ئەمە رێپێدراو نییە. ئێمە نایکەین. نازانین چۆن ئەم نەریتە لەگەڵ خۆمان بگونجێنین، بەڵام وا وردە وردە دەبێتە باو لەنێوانمان دەمێنێتەوە".
نرخی سەماکردن بە تەرمی مردوو دەگەڕێتەوە سەر ئامادەکاری و شێوازی جلوبەرگی تیمەکە، ئەگەر پۆشاکی ئاساییان لەبەربێت بە 180 دۆلار پرسەکەیان بۆ دەگێڕن،بەڵام ئەگەر پۆشاکەکان گرانبەگا بێت، نرخەکەی تاوەکو 270 دۆلار دەچێت.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار