سەربازانی هۆڵەندا یادی شەڕێکی جەنگی جیهانی دووەمیان کردەوە
رووداو - هەولێر
75 ساڵ لەمەوبەر، بەرەی راستی ئەورووپا پلانێکی ستراتیژییان داڕشت بۆ سەندنەوەی ئەو خاکەی کە کەوتبووە ژێردەستی نازییەکانی ئەڵمانیا. پیلانەکە ئەوەبوو سەربازان کە لە هێزە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەنداو بەلجیکا پێکهاتبوون، لەنێو فڕۆکە خۆیان هەڵدەنە پشت هێڵەکانی بەرگری نازییەکان، بەوەش خۆهەڵدانێکی بە پەڕەشووت لە رۆژهەڵاتی هۆڵەندا ئەنجامدرا.
پێداگری ئەڵمانەکان و بەرگریە سەختەکەیان شکستیان بە پلانەکە هێنا و شەڕێکی قورس لە ناوچەکە روویدا، شەڕەکە بە سەرکەوتنی نازییەکان و گیانلەدەستدانی هەزاران سەرباز کۆتایی پێهات.
سەربازێکی خانەنیشینکراوی بەریتانی کە ئەوکات تەمەنی 23 ساڵ بوو، ئێستا تەمەنی 98 ساڵە، باش لەیادییەتی کە چۆن بەسەر پردێکی ستراتیژی نیشتنەوە، ویستیان شاری ئارنیم و رین لەیەک دابڕێنن.
لێس فولەر، سەربازە خانەنشینکراوەکە دەڵێت "رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ بوو. کەشوهەواکە رێک وەکو ئەمڕۆ بوو. خۆرهەتاوێکی جوان بوو. لە یەکشەممەدا هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک نەبوو، من لێرە نەنیشتمەوە، من لە خاکەکەی ئەولا نیشتمەوە، پەڕەشووتەکەم کردەوەو نیشتمەوە، کەوتمە ئەو بەری پەرژینەکە، لەناکاو بینیم دوو سەربازی ئەڵمانی لەگەڵ خۆشەویستەکانیان کاتیان بەسەردەبرد، زۆر سەرسام بوون کە منیان بینی".
ئەم رووداوە ناونرا شەڕی ئارنم، 11 هەزار و 500 کەس تێیدا کوژران، فیلمێکی هۆڵیود لەسەر شەڕەکە بەناوی "A Bridge Too Far." بەرهەمهێنرا.
خۆهەڵدانە بەکۆمەڵەکە سەرنجی ئامادەبوانی راکێشا، نەوەی نوێ زانیان کە سەربازان لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە چ شەڕێکی سەخت لە دژی نازییەکان گیریان خواردبوو.