وەزیری دەرەوەی هایتی بۆ رووداو : نابێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هایتی لەبیر بکات

رووداو – نیویۆرک 

ژێیان ڤیکتۆر، وەزیری دەرەوەی هایتی لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند کە چوار ملیۆن کەس لە هایتی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن بۆیە "جەخت دەکەمەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نابێ هایتی لەبیر بکرێت، چونکە دۆخی هایتی کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی دراوسێی هەیە". 
 
هایتی کۆمارێکە لەسەر دەریای کاریبی و ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە 11 ملیۆن کەس و دۆخی ئابووریی وڵاتەکە خراپە و، وڵاتێکی سەقامگیر نییە. 
 
ئەمەی خوارەوە دوو پرسیاری رووداو و وەڵامەکانی وەزیری دەرەوەی هایتییە : 
 
رووداو: پرسیارێک هەیە سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک. ئەو پرسە لە هایتی چۆنە؟
 
وەزیری دەرەوەی هایتی: لەڕاستیدا زیاتر لە چوار ملیۆن کەسمان هەیە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، هەروەها تووندوتیژی کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر ئەم دۆخە، بۆ ئەم هۆکارانە داوا لە هاوبەش و دۆستانمان دەکەین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هاوکارمان بن، نەک تەنیا لە گەڕاندنەوەی ئاسایش، بەڵكو هاوکاری خەڵکەکەش بکەن.
 
رووداو: پێتوایە کە جەنگی ئۆکراینا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵ کردووە و ئێوە چ دەکەن تاوەکو هاوکاری وڵاتانی هاوشێوەی هایتی بکەن کە پێویستی بە هاوکارییە؟
 
وەزیری دەرەوەی هایتی: وا ناڵێم، بەڵام مەترسی هەیە، بۆیە جەخت دەکەمەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نابێ هایتی لەبیر بکرێت، چونکە دۆخی هایتی کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی دراوسێی هەیە، نەک تەنیا لەسەر وڵاتانی کاریبی، بەڵکو لەسەر وڵاتانی ئەمریکای لاتینیش.