تیک تۆک دەیان هەژمار بەهۆی پڕوپاگەندە بۆ داعش دەسڕێتەوە


رووداو - هەولێر

تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک هەموو ئەو هەژمارانەی دادەخات کە ڤیدیۆی چالاکی و هاندان بۆ کارەکانی رێکخراوی داعش بڵاودەکەنەوە و لە نوێترین چالاکیشدا دەیان هەژماری پەیوەست بەو بابەتە سڕیوەتەوە.


بەرنامەی تیک تۆک کە لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت رایگەیاند، دەیان هەژماریان لە بەرنامەکە سڕیوەتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاویانکردووەتەوە پڕوپاگەندە بووە بۆ رێکخراوی داعش.

تیک تۆک یەکێکە لە بەرنامە هەرە باوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو گەنجان و لە ساڵی 2017 ـەوە بڵاوکراوەتەوە. بە خێراییەکی زۆر گەشەی کردووە و لە سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 500 ملیۆن بەکارهێنەری هەبووە و ژمارەی بەکارهێنەرانیشی رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوونن.

ئەو هەژمارانەی سڕاونەتەوە ڤیدیۆی چەکدارانی داعشیان لەکاتی رێوڕۆشتنی سەربازی و بە چەکەوە لەگەڵ ژنی چەکدارەکان کە خۆیان بە جیهادییەکان ناساندووە، بڵاوکردووەتەوە.

ڤیدیۆکان بەشێوەیەک ئیدیت دەکران، ئیمۆجی گوڵ و دڵ و میوزیکێکی دڵخوازیان لەسەر دادەنرا، تاوەکو سەرنجی بەکارهێنەران رابکێشن. کە ئەوەش وەکو پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوەکە دەبیندرێت.

بەشێک لەو هەژمارانەی سڕاونەتەوە، زیاتر لە هەزار شوێنکەوتەیان هەبووە.