لە برۆکسل خۆپێشاندان بۆ پاڵپشتیی لە خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەم بارەگای یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان و هاووڵاتییانی بە بنەچە ئێرانی گردبوونەوە و داوای گوشاری زیاتری سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپایان بۆسەر ئێران کرد.
ئومێد ساڵح، هاونیشتمانییەکی بەشداربووی خۆپێشاندانەکە گوتی، "خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ بۆ دەربڕینی هاوسۆزیمانە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ئێران کە 35 رۆژە بەردەوامە. هەروەها بۆ ئەوەیە داوا لە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا بکەین سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی رەشەوە بەرامبەر ئەو کارانەی بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران دەیکات".
خۆپێشاندەران دروشمی جیاوازیان دژی دەسەڵاتدارانی ئێران گوتەوە و وێنەی ئەو کەسانەیان بەرزکردەوە کە لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکراون یان گیانیان لەدەستداوە. بەشێکیان باس لەوە دەکەن کە پێویستە دەسەڵاتی ئێران بە تەواوی بگۆڕدرێت.
عەلادین تووران، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەو خەڵکەی لێرە دەیبینیت، وەکو خەڵکی ئێران داوای گۆڕینی رژێم دەکەن. بە مانەوەی ئەم رژێمە هیچ شتێک باشتر نابێت؛ ئێمە داوای ئازادیی زیاتر لەژێر دەسەڵاتی ئەم رژێمە ناکەین، بەڵکو دەسەڵاتێکی دیموکراسی و ئازادمان لە ئێران دەوێت".
خۆپێشاندانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە سەقزەوە دەستیپێکرد. لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 144 کەس کوژراون. چالاکڤانانیش دەڵێن، نزیکەی 12 هەزار کەس دەستگیرکراون.