رووسیا بە درۆن چەندین ناوچەی ئۆکراینای کردە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

رووسیا بە درۆن هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا، لەهێرشەکەدا چەند شوێنێکی گشتی بەرکەوتن، کە خەڵکی سڤیلی تێدان و 28 قوربانی لێ کەوتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025 سەرچاوەیەک لە ئیدارەی سەربازی خارکیڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: نزیکەی کاژێر 10:50 خولەکی بەیانی، هێزەکانی رووسیا هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا بۆ سەر ناوچەی خۆلۆدنۆهیرسکی لە خارکیڤ بە بەکارهێنانی درۆنەکانی جۆری شاهد. یەکێک لە درۆنەکان بەر باڵەخانەی باخچەیەکی ساوایانی تایبەت کەوت، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکەدا، 48 منداڵ لە باخچەی ساوایانەوە گوێزراونەتەوە بۆ پەناگەیەک، هیچ کام لە منداڵەکانی باخچەی ساوایان بریندار نەبوون، بەڵام بەگشتی لە ناوچەکە، یەک کەس گیانی لەدەستدا، 7 کەسیش بریندار بوون، کە دووانیان لە دۆخێکی سەختدا گەیێندرانە نەخۆشخانە.
 
گووتیشی بۆردوومانەکە بەشێکی باڵەخانەی باخچەی ساوایانی تایبەتی وێران کرد و چەندین ئۆتۆمبێلی لەناوبرد و زیانی بە شوێنی ئۆفیس و باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیاند.
 
هەموو خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان و رێکخراوە خۆبەخشەکان لە شوێنی رووداوەکە کاردەکەن، هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکانی هێرشەکە بەردەوامن.  
 
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشە زۆر لە منداڵەکان لە شۆکدا بوون و گوتی، هێرشەکە ناوچە فراوانترەکانی کیێڤ، ئۆدێسا، چێرنیهێڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک، کیرۆڤۆهراد، پۆلتاڤا، ڤینیتسیا، زاپرۆژیژیا، چێرکاسی و سوومی کردووەتە ئامانج.
 
هەروەها سەرچاوەیەک لە ئیدارەی سەربازی هەرێمی زاپرۆژیژیا بە رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشەکاندا، لە زاپرۆژیژیا 15 کەس بریندار بوون، کە شەشیان منداڵن، هەموو قوربانییەکان یارمەتی پزیشکی پێویست وەردەگرن، چەندین ئاگرکەوتنەوەش تۆمار کراون، رزگارکەران دانیشتووانیان گواستەوە و ئاگرەکانیان کوژاندەوە، تیمەکانی فریاگوزاری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە شوێنی رووداوەکە کار دەکەن".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، شەوی رابردوو، رووسیا بە درۆن هێرشیان کردە سەر شارەکە. بە گشتی 15 باڵەخانەی نیشتەجێبوون، ماڵی تایبەت، لە سێ گەڕەکی شارەکەدا زیانیان پێکەوت. زیاتر لە 120 کەس تاوەکو ئێستا رایانگەیاندووە کە زیان بەر ماڵەکانیان کەوتووە.