گرووپی 'ژیانی کورد' لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دامەزرا

رووداو دیجیتاڵ 

گروپێکی نوێ لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دامەزرا بۆ پاڵپشتیکردنی کورد لەو وڵاتە.
 
لە ئەڵمانیاوە قاسم تاهیر ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکە، خاوەنی دەستپێشخەرییەکە بەناوی پارتی سەوزەوە و میوانی دیاسپۆرا بوو؛ لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەڵمانیا وڵاتێکی مەزنە و ژمارەیەکی زۆری کوردی تێدایە کە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کورد دەبن، بۆیە دروستکردنی ئەو گرووپەیان بە پێویست زانی.
 
قاسم تاهیر کە خەڵکی شاری زاخۆی باشووری کوردستانە و ئێستا ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیایە لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان دەڵێت، "ئامار و ژمارە لەبارەی کورد لە ئەڵمانیا زۆر کەمن، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک کورد لەو وڵاتەدا دەژین، ئێمە لە رێگەی گرووپەکەمان دەمانەوێ خزمەتیان بکەین و هەوڵدەدەین ژیانێکی باشتریان بۆ دابین بکەین".
 
قاسم تاهیر گوتیشی، "هاوکاری و پاڵپشتییەکانمان تەنیا بۆ کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا نییە، بەڵکو دەمانەوێ لە رێگەی گرووپەکەمان لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا هاوکاریی کوردستان بکەین و هەوڵدەدەین کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا ببەینە کوردستان و لەوێ هەریەکە و لە پسپۆڕی و شارەزایی خۆی خزمەت بکات و وەبەرهێنان لەوێ بکات".
 
پەرلەمانتارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا روونیکردەوە کە لە نێو گرووپەکەیاندا نوێنەری هەموو پارتەکانی ئەڵمانیا هەن، واتە هەر پارتە و ئەندامێکی لەنێو گرووپەکەیان هەیە و ئەمەش پاڵپشتیی زیاتری کارەکانیان دەکات.
 
قاسم تاهیر دەشڵێت: "کورد پاڵپشتییەکی گەورەی لەنێو پەرلەمانی ئەڵمانیادا هەیە و ئێمەش لە رێگەی گرووپەکەمانەوە دەمانەوێ ئەو پاڵپشتییە زیاتر بکەین و پلانمان هەیە گرووپەکەمان فراوانتر و گەورەتر بکەین و لەو رێگەیەوە لۆبی بۆ دۆزی کورد بکەین و پاڵپشتیی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن".