ناتۆ هۆشداری دەداتە رووسیا
رووداو- رۆیتەرز
ناتۆ هۆشداری دەداتە بەرپرسانی سەربازی رووسیا لەوەی سنووری ناوچەیەكی نزیك مۆڵدۆڤیا نەبەزێنێت و بەپێچەوانەوە، رێوشوێنی سەربازی بەرامبەری دەگرنە بەر.
فەرماندەی باڵای سەربازی هێزەكانی ناتۆ، ئەمرۆ یەكشەممە 23.3.2014، هۆشداری دایە سوپای رووسیا بۆ ئەوەی جموجۆڵەكانی لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا رابگرێت و ئاشكرای كرد، كە ژمارەیەكی زۆر لەسەربازانی رووسیا لە سەر سنووری نێوان مۆڵدۆڤیا و ئۆكراینا كۆكراونەتەوە ، گومان دەكەن ئەو سوپایە هەڕەشەیەك بێت بۆ سەر ناوچەی ترانسدینستریای سەربەخۆ لە مۆڵدۆڤیا بۆ ئەوەی دەستی بەسەر دابگیرێت.
ئەو بەرپرسەی ناتۆ ئەوەشی راگەیاند، هۆشدارییەكەیان بۆ سوپای رووسیا بۆ كۆکردنەوەی سەدان زریپۆش، چەكی قورس ومووشەكی ئەو سوپایە لە نزیك ناوچەی ترانسدینستریا دەگەرێننەوە، ئەو ناوچەیە، كە لە 30% خەڵكی رووسی لێدەژی و لە ساڵی 1990ـەوە سەربەخۆیی خۆی لە وڵاتی مۆڵدۆڤیا راگەیاند، بەڵام هیچ یەكێك لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان دانیان پێدانەناوە، هەر بۆیە وای دەبینن رووسیا مەبەستی بێت ئەو ناوچەیەش وەك كریمیا داگیربكات.
هۆشدارییەكەی ناتۆ بۆ رووسیا هاوكاتە لە گەڵ كۆنترۆڵكردنی گشت بنكە سەربازییەكانی سوپای ئۆكراینا لە نیمچە دوورگەی كریمیا لەلایەن سوپای رووسیاوە دێت، دوای ئەوەی رۆژی هەینی، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا بە فەرمی نیمچە دوورگەی كریمیای خستە سەر خاكی رووسیا.