پۆلیسی بەریتانیا ناسنامەی هێرشکارەکەی لەندەنی ئاشکراکرد

23-03-2017
عومەر شایان
نیشانەکردن لەندەن
A+ A-

رووداو- لەندەن

پۆلیسی بەریتانیا ناسنامەی هێرشکارەکەی لەندەنی ئاشکرا کرد و رایگەیاند" هێرشکارەکە ناوی خالد مەسعودە کە تەمەنی 52 ساڵ بووە".


پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت: "هێرشکارەکە موسوڵمانە و لەدایکبووی بەریتانیایە، لەشاری کێنت لەدایکبووە و لە بیرمنگهام ژیاوە".

ئاشکراکردنی ناوی هێرشکارەکە لەکاتێکدایە کە بەیانی رۆژی پێنجشەممە 23-3-2017 ترێزا مەی ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەبارەت بە هێرشکارەکەی لەندەن لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە گوتی: "هێرشکارەکە کەسێکی موسڵمانی لەدایکبووی بەریتانیانە، بۆ چەند ساڵ دەبێت بەهۆی خواستی بۆ تووندئاژۆیی لەژێر چاودێری MI5 بووە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "پێش لەو هێرشە، هیچ زانیارییەک لەبارەی پلانەکەی لەبەردەست نەبووە، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".

ترێزا مەی باسی لە بیروباوەڕی هێرشکارەکە کرد و گوتی: "لێکۆڵینەوەکانی ئێمە بەپێی ئەو گومانانەیە کە هێرشکارەکە بیروباوەڕێکی ئیسلامی هەبووە، هەڕەشەی ئەمنی ئیسلامییە تووندڕەوەکان زۆر جیددیە، خەڵکی ئێمە دەبێت هۆشیار بن، هەرچەندە نابێت بترسن لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان و هیچکاتیش نەترساون".

رۆژی چوارشەممە 22-3-2017، هێرشکارێک لە وێست مینستەر لە لەندەن، بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشا بەنێو خەڵکدا لە نزیک پەرلەمانی ئەو وڵاتە، دواتر بە چەقۆ هێرشی کردە سەر پۆلیسێک لە بەردەم پەرلەمان، بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە "تەقە لە هێرشبەرەکە کراوە و پاشان کوژراوە". 

رێکخراوی تووندئاژۆی داعش، لە پێگەی فەرمی خۆی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی شاری لەندەنی گرتە ئەستۆ کە تێیدا 4 کەس کوژران و 40 کەسی دیکە برینداربوون.

رۆژی پێنجشەممە 23-3-2017 ماک رۆلی، سەرۆکی پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 7 کەسیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە 22-3-2017 دەستگیرکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە