رووسیا: ئەمریکا و ناتۆ پلان لە دژمان ئامادە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "ئەگەر هەیە رۆژئاواییەکان چەکی ئەتۆمیی لە ئۆکراینا بەکاربهێنن."
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "پێشبینی دەکەن واشنتن چەکی ئەتۆمیی، کیمیایی یان بایۆلۆجی لە ئۆکراینا بەکاربهێنێت و دواتر رووسیای پێ تۆمەتبار بکات". پێیوایە، ئەم جووڵەیەی وڵاتانی رۆژئاوا رەنگە بۆ ناچارکردنی گەمارۆ خستنەسەر رووسیا بێت لەلایەن چین و هیندستانەوە. 
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژە بەوەش دەکات، جووڵەکەی ئەمریکا بۆ وەستاندنی "سەرکەوتنەکانی" رووسیایە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا. دەشڵێت، "ئۆکراینا بیر لە تەقاندنەوەی کێڵگەیەکی تایبەت بە پاشماوەی ئەتۆمیی لە شاری کامێنسکۆی ئۆکراینا دەکاتەوە."
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن رووسیاوە، رێککەوتی 19ـی نیسانی 2022، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەو بژاردەیەی بە دوورزانی و گوتی، "رووسیا بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی لە ئۆکراینا ناکاتەوە."