فەرمانی ترەمپ بۆ هێزی دەریایی ئەمریکا: هەر بەلەمێک هورمز مینڕێژ بکات هێرشی بکەنە سەر


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تەنگەی هورمزیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە و فەرمانیشی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە، بێ دوودڵی تەقە لە هەر بەلەمێک بکەن کە لەو ناوچەیەدا مین بچێنێت. ترەمپ دەڵێت، "تەنگەکە بە تەواوی داخراوە تاوەکو ئەو کاتەی ئێران رێککەوتن دەکات."
 
لە دوو پۆستی جیادا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردوونەتەوە، ترەمپ هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئێران و ئاماژە بەوە دەکات کە فەرمانی بە هێزی دەریایی ئەمریکا کردووە؛ هێرش بکەنە سەر هەر بەلەمێک کە مین لە تەنگەی هورمزدا دابنێت، "تەنانەت ئەگەر بەلەمی بچووکیش بن". سەرۆکی ئەمریکا باس لەوەش دەکات کە سەرجەم کەشتییە سەربازییەکانی ئێران کە ژمارەیان ١٥٩ کەشتییە، "لە بنی دەریاکەدان و نوقم کراون".
 
ترەمپ باس ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا کەشتییە مینماڵەکانی ئەمریکا، واتە ئەوانەی مینەکانی نێو دەریا لەنێو دەبەن، خەریکی پاککردنەوەی تەنگەی هورمزن و فەرمانیشی کردووە ئەو کارە "بە ئاستێکی سێ هێندە" لەمەوپێش بەردەوام بێت. سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا تەواوی تەنگەی هورمز لە کۆنترۆڵی ئەواندایە و هیچ کەشتییەک ناتوانێت بێ رەزامەندیی هێزی دەریایی ئەمریکا بچێتە نێو تەنگەکە یان لێیەوە دەربچێت.
 
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی ئێرانیش، ترەمپ نووسیویەتی: "ئێران لە دیاریکردنی سەرکردەکەیاندا بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت! ئەوان هەر نازانن! ململانێی نێوخۆیی نێوان 'تووندئاژۆکان' کە لە گۆڕەپانی جەنگدا بەخراپی دۆڕاون، لەگەڵ 'میانڕۆکان' کە زۆر میانڕۆ نین بەڵام رێزیان لێدەگیرێت، شێتانەیە."