قسە بۆ رووداو دەکەن؛ خەڵکی پاکستان چاوەڕێی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانن


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد، بووەتە مایەی شانازی و گەشبینی بۆ شەقامی پاکستانی. هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە پێیان وایە سەرگرتنی ئەم نێوەندگیرییە، نەک تەنیا رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە دەگرێت، بەڵکو پێگەی دیپلۆماسی و ئابووریی پاکستان لە جیهان دا بەرزتر دەکاتەوە.
 
 
بەشێکیان هێشتا بە گومانەوە لە نیەتەکانی ئەمریکا دەڕوانن. دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە ئیسلامئاباد، بۆچوونی بەشێک لە هاووڵاتییانی لەسەر ئەو پرسە وەرگرتووە.
 
 
رووداو: ئایا بڕوات وایە دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا روودەدات یان نا؟ بۆچی بۆ وڵاتی ئێوە گرنگە؟
 
سەیدە ماهام بوخاری، هاووڵاتیی پاکستان: پێم وایە روودەدات، چونکە ناکرێ جەنگ بەرپابێت. پێم وایە پاکستان لەم بارودۆخەدا کارێکی باش دەکات، بۆ نموونە ئەگەر لە روانگەی سیاسی و جیۆسیاسییەوە بیبینیت، پێم وایە پاکستان دۆخی زۆر باشترە. بۆیە ئێمە لەگەڵ ئێرانداین بێگومان، پشتگیری لە ئێران دەکەین و پێمان وایە دانوستاندنەکە روودەدات.
 
ئەنوەر عەلی، هاووڵاتیی پاکستان: پاکستان دەتوانێت ئەمە زۆر بە ئاسانی بکات، وەک عاسم مونیر کە جەنەڕاڵی ئێمەیە و بڕوامان پێیەتی، بۆیە ئەو دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لەگەڵ ئێران و لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەمە بکات. 
 
رووداو:  کەواتە بڕوات وایە دانوستاندنەکە روودەدات؟
 
ئەنوەر عەلی، هاووڵاتیی پاکستان: بەڵێ.
 
رووداو: بۆچی بۆ ئێوە گرنگە؟
 
ئەنوەر عەلی، هاووڵاتیی پاکستان: تەنیا لەبەر ئەوەی، ئێستا لەم رۆژانەدا پاسپۆرتی ئێمە، پاسپۆرتی پاکستانی خەریکە باشتر دەبێت و لە هەموو جیهاندا ئێستا هەمووان پاکستان دەناسن.
 
عەبدولسەمەد، هاووڵاتیی پاکستان: ئینشاڵڵا دێن و دانوستاندنەکانیش لێرە دەکرێن و سەرکەوتوو دەبن. ناوی پاکستان درەوشاوە دەبێت. ئەگەر دانوستاندنەکان بکرێن، پاکستان زیاتر بەرەو پێش دەچێت و پێشکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنێت. تەنانەت لەوانەیە باری ئابووریی باشتر بێت و لە هەموو جیهاندا بارودۆخەکە بەو شێوەیە بڕوات کە وڵاتانی ئیسلامی پێگەیەکی بەرزتر بەدەست بهێنن.
 
عاسف فەتوی، سەربازی خانەنشین: پێم وایە شتەکە چەند لایەنێکی شاراوەی هەیە. تێگەیشتن لەوەی چی روودەدات زۆر ئاسان نییە. ئێمە هەموومان مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەزانین. ئەوان هەندێک نیازیان هەیە کە بەپێی تێگەیشتنی من تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراونو دەکرێت ئەوان هێشتا خەریکی ئامادەکاری بن بۆ گەڕێکی دیکە لەگەڵ ئێران. تاوەکو ئەو شوێنەی پەیوەندی بە هەوڵەکانی وڵاتەکەمەوە هەبێت، من زۆر شانازی بەوەوە دەکەم، کە لانیکەم ئێمە هەوڵ دەدەین شتێک بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی زیاد بکەین.