دوای دوو ساڵ دابڕان بەهۆی کۆرۆناوە، ئاهەنگگێڕان لە دوورگەی ئیبیزای ئیسپانیا دەستیپێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو ساڵ دابڕان بەهۆی کۆرۆناوە، سەماکردن بە میوزیکی DJ گەڕایەوە دوورگەی ئیبیزای ئیسپانیا، هەزاران گەشتیار روویان لە دوورگەکە کردووە و کچان و کوڕان بۆ سەماکردن و بەسەربردنی کات تێکەڵ بوون.
 
سارا بۆریگۆ، گەشتیار دەڵێت، "هەست بە خۆشی دەکەین؛ قەدەخەی هاتووچۆ نەماوە و پێویست بە بەستنی دەمامک ناکات؛ هەست بە ئازادی دەکەین."
 
دوورگەی ئیبیزا بەوە نێوبانگی دەرکردووە، دەوڵەمەندان لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ پشووی هاوین رووی تێدەکەن. 20 هەزار کارگوزار لە یانە و رێستۆرانت و هۆتێل و ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی دوورگەکە کار دەکەن.
 
میشیل، گەشتیار پێیوایە، "ئەم یانەیە شێتانەیە، زۆر جەنجاڵە، وەکو بڵێی کۆرۆنا هەرگیز لێرە بڵاونەبووەتەوە."
 
ئیبیزا دوورگەیەکی گەشتیاریی ئیسپانیایە و لە کەنار دەریای نێوەڕاست هەڵکەوتووە؛ ژمارەی دانیشتووانی 152 هەزار کەسە؛ 84%ی کۆی داهاتی نێوخۆیی دوورگەکە پشت بە گەشتیاری دەبەستێت؛ ساڵی رابردوو سەرەڕای نەمانی خزمەتگوزارییەکانی، سەرنجی 1.9 ملیۆن گەشتیاری بۆ خۆی راکێشا.