ئەڵمانیا دەست بە سنوورداشکردنەوەی پەناخوازان دەکات
رووداو-ئەڵمانیا
ئەڵمانیا لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە سنوورداشکردنەوەی ئەو پەناخوازانە دەکات کە داواکاریی پەنابەرییەکەیان رەتکراوەتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە رۆژانی رابردوودا پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵێک بڕیاری نوێی لەبارەی سیاسەتی پەنابەرییەوە دا.
یەکێک لەو بڕیارانە بریتییە لە پەلەکردن لە سنوورداشکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی داواکاریی پەنابەرییەکەیان رەتدەکرێتەوە، وەکو هەنگاوی یەکەمیش ئەو پەناخوازانەی لەڕێگەی وڵاتانی باڵکانەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا سنوورداشی ئەوێ دەکرێنەوە.
پەرلەمانی ئەڵمانیا هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو هەریەکە لە ئەلبانیا، کۆسۆڤۆ و مۆنتێنێگرۆ، وڵاتانی ئارامن و دەکرێت پەناخوازیان بۆ سنوورداش بکرێنەوە، پێشتریش مەکەدۆنیا، سربیا و بۆسنیا بە وڵاتانی ئارام بۆ سنوورداشکردنەوە ناسێندرابوون. بەپێی یاسای ئەڵمانی هەرکاتێک وڵاتێک وەکو "وڵاتی ئارام" ناسێندرا، کەواتە هەر پەناخوازێک لەو وڵاتانەوە یان لەڕێگەی ئەو وڵاتانەوە بێتە ئەڵمانیا داواکاریی پەناخوازییەکەی رەتدەکرێتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە 22 هەزار و 400 پەناخواز بە خواستی خۆیان و بە سوودوەرگرتن لەو پرۆگرامەی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ئەو مەبەستە دایناوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان. هەروەها 11 هەزار و 500 پەناخواز لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە زۆر سنوورداشکراونەتەوە وڵاتی خۆیان یان وڵاتێکی دیکەی کە لێیەوە هاتوون و ئەڵمانیا بە "وڵاتی ئارام" دەیانناسێنێت.