ڤیدیۆ؛ رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکە مانۆڕێکی سەربازی لە تاجیکستان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە تاجیکستان مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشی یەک هەفتەیی بەڕێوەدەچێت کە 5 هەزار سەرباز و زیاتر لە 700 تانک و زریپۆش تێیدا بەشدارن.
دەستپێکردنی مانۆڕەکە لەکاتێکدایە، ئەفغانستان کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان و بەرپرسانی رووسیاش دەڵێن، داعش هەوڵدەدات پێگەی خۆی لەو وڵاتە بەهێزبکات. تاجیکستانی هاوسنووری ئەفغانستانیش ترسی هەیە لەهەر کاتێکدا بێت گرووپە پەڕگیرەکان دزە بکەنە نێو خاکەکەی.
شیڕاڵی میرزۆ، وەزیری بەرگریی تاجیکستانە و دەڵێت، "ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی لە ئەفغانستان لەدوای هاتنی تاڵیبان چالاکی تیرۆریسیتی ئەنجام دەدەن، زۆر چەکی سەردەمییانەیان کەوتووەتە دەست. هاوکات پێگەی خۆیانیان بەهێزکردووە و بارودۆخی ئێستا دەقۆزنەوە بۆئەوەی ئەفغانستان بکەنە پێگەیەکی بەهێزی خۆیان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا."
مانۆڕەکە بەشێکە لە مەشق و راهێنانی جەنگیی یەک هەفتەیی کە لەنێوان رووسیا، تاجیکستان و 6 وڵاتی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بەڕێوەدەچێت.
رووسیا دەڵێت، ئەوان متمانەیان بە تاڵیبان هەیە، بەڵام ترسیان لە قاعیدە و داعش هەیە کە ببنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران. لە پرسی ئەفغانستاندا، رووسیا رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە و باڵیۆزخانەی خۆی لە کابوول چۆڵ نەکردووە و لەو کاتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست چەند جارێک پەیوەندییان لەگەڵ تاڵیباندا کردووە.
یەڤگێنی پۆپلاڤسکی، جێگری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات کە "تاڵیبان هەوڵدەدات هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەی وەدەرنێت یانیش هەوڵدەدات لەنێویان ببات بۆئەوەی تەنیا خۆی دەسەڵاتی هەبێت. هەر بۆیە ئێمە ئامادەیی خۆمان وەرگرتووە لە ئەگەری ئەوەی تاڵیبان تیرۆریستان بەرەو تاجیکستان پاڵ پێوەبنێت."
بەگوێرەی پێگەی گلۆبەڵ فایەر پاوەر، کە پێگەیەکی بەراوردکاری هێزی چەکداریی جیهانییە، رووسیا لە دوای ئەمریکا لە پلەی دووەمی بەهێزترین سوپای جیهان دێت کە 1 ملیۆن و 14 هەزار سەربازی لەئەرکدایە.
هاوکات لە هێزی تانکیدا، پلەی یەکەمی جیهانی گرتووە کە 13 هەزار تانکی هەیە. لە هێزی ئاسمانیشدا لە پلەی دووەم دێت کە 4 هەزار و 144 فڕۆکەی سەربازی هەیە کە 789یان فڕۆکەی جەنگین.