ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، هاوپەیمانیی CDU/CSU زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی ئەڵمانیایان بردەوە و فرێدریک مێرتز چەند هەنگاوێک لە پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا دوورە؛ ئەمە جگە لە ریکۆردشکاندنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندڕۆ، کە دووەم بوو.
هەڵبژاردنی ئەڵمانیا تەواو بوو، ئەنجامە بەراییەکان پیشانی دەدەن هاوپەیمانیی کریستیان دیموکرات و سۆشیال کریستیان CDU/CSU 28.52٪؛ جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFD 20.8٪؛ سۆشیال دیموکرات SPD 16.41٪؛ سەوزەکان Grune 11.61٪ و چەپ 8.77٪ـیان بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەم ئەنجامە، پارتی AFD دەنگەکانی دووهێندە زیادی کردووە. پارتەکە دژە کۆچبەرە و لە ئەڵمانیا خەڵکی زۆر ترسیان لە هاتنەسەر دەسەڵاتیان هەیە. بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتە راستڕۆ تووندڕۆکە لەکۆی 630 کورسیی پەرلەمان توانیویەتی 152 کورسی بەدەستبهێنێت.
هاوپەیمانیی کریستیانەکان بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتز، تاوەکو ئێستا یەکەمن و 208 کورسییان مسۆگەرە. کریستیانەکان توانییان پارتی SPDـی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا ببەزێنن، کە 120 کورسی مسۆگەر کردووە.
پارتە سەوزەکان 85 کورسییان بەدەستهێناوە، چەپەکانیش 64 و پارتی دەنگدەرانی باشووری شلێسڤیگ یەک کورسی.
مێرتز رکابەرێکی لەمێژینەی نێوخۆی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیایە، کە هەرچەندە لە هەمان پارت بوون، بەڵام مێرتز هەرگیز نەیتوانی لێی بباتەوە.
سیاسەتڤانە 69 ساڵە پارێزگارەکە بەڵێنیداوە کۆچی نایاسایی کۆنترۆڵ بکات، هیوای بەوەیە ئەوانەی دەنگ بە جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا نادەن، دەنگ بە هاوپەیمانێتییەکەی ئەو بدەن و سەردەمی دەسەڵاتی دەستپێبکات.
مێرتز لە دوایین بانگەشەی هەڵبژاردنی لە میونشن گوتی، یەکێتیی ئەورووپا مەرجە تووند و خۆڕاگر بووەستێت، بۆ ئەوەی شوێنی لەسەر هەمان مێزی زلهێزە جیهانییەکاندا ببێتەوە.
یەنس شپان، جێگری سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکان بە رووداوی گوت، "فریدریک مێرتز دەبێتە راوێژکاری داهاتووی وڵاتەکە. راسپاردەیەکی روونمان هەیە و دەنگدەران خوازیاری گۆڕانکارین لە سیاسەتی وڵاتدا."
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە دەنگی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان هێنا، دەڵێت: لەمڕۆوە دەست دەکەم بە دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.