"قەسابەکەی بۆسنە" بە 40 ساڵ زیندانی سزا درا
رووداو - لاهای
دادگای سزای نێودەوڵەتی یۆگسلافیای جاران لە لاهای، بەرپرسیاریێتی کۆمەڵکوژی سرێبرێنیتسا خستە ئەستۆی رادۆڤان کارادیچ، سەرۆکی پێشووی سربەکانی بۆسنە و بە 40 ساڵ زیندانی سزای دا.
دادگاکە هەروەها تاوانی "ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لە کاتی شەڕی بۆسنە و هەرسک"ی دایە پاڵ رادۆڤان کارادیچ".
لەچوارچێوەی دادگاییکردنی ناوبراودا، گوێ لە گوتەی 585 شایەتحاڵ گیرا، کە 337ـیان لە دژی ناوبراو شایەتییاندا و 248ـەکەی دیکەش بەرگرییان لێکرد.
جینۆسایدی سربرینیتسای بۆسنە و هەرسک، کە بە "قەسابخانە"ش ناودەبرێت، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە گەورەترین کۆمەڵکوژی دادەنرێت لە ئەوروپا.
بۆسنە یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كۆماری یۆگوسلاڤیای جارانی پێكهێنابوو، دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە لەناوچەی باڵكان.
لە سەرەتای نەوەتەكاندا یۆگوسلاڤیا پارچە پارچە بوو، دواتر وڵاتی سربیا پەلاماری بۆسنەی دا، دوای زیاتر لە هەزار رۆژ گەمارۆدان، لە ساڵی 1995ـدا 8 هەزار خەڵکی بۆسنەی کۆکوژ کرد و دەیان هەزار موسوڵمانی مەدەنی راگواست.
هەموو ساڵێک رۆژانی 11 بۆ 13ی تەمموز بە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییە دادەنرێت.