لە ئیسرائیل خوێندکارانی 21 وڵات لەدەوری ئاگری نەورۆز کۆبوونەوە

رووداو- ئۆرشەلیم

لە شاری ئۆرشەلیمی ئیسرائیل، خوێندکارانی ماستەر لە زانکۆی عیبرانی ئۆرشەلیم بە ئامادەکاری خوێندکارێکی کورد، جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.

لە شاری ئۆرشەلیمی ئیسرائیل بە ئامادەکاری تۆفیق بایرامی پزیشک و بەبەشداری خوێندکارانی ماستەری خەڵکی 21 وڵاتی جیاواز، جەژنی نەورۆز پیرۆز کرا.

تۆفیق بایرام، لە زانکۆی عیبرانی ئۆرشەلیم کە ماستەر لەسەر تەندروستی کۆمەڵایەتی دەخوێنێت و خەڵکی شاری شرناخی باکووری کوردستانە، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەوان وەکو خوێندکارانی زانکۆکە زۆرجار کۆدەبنەوە و رۆژە تایبەتیەکانی وڵاتەکانیان پیرۆز دەکەن، ئەویش بە ھاوکاری ھاوڕێ خوێندکارەکانی زانکۆی عیبرانی ئۆرشەلیم بەرنامەیەکی پیرۆزبایی نەورۆزی ئامادەکردووە.


بایرام گوتیشی "ئێمە بەرنامەکەمان لە زانکۆ ئەنجامدا. ئاگری نەورۆزمان کردەوە و شوێنەکەمان بە مۆم رازاندەوە. من کولیچە/ کادەیی سەری ساڵم ئامادە کرد، ھەندێک ماڵی کورد لە ئۆرشەلیم خواردنی کوردی وەکو کفتە و یاپراخیان بۆمان دروستکرد. بەڕێوەبەری زانکۆیەکە پڕۆفیسۆر ئۆرا پاڵتیەلیش بەشداری بەرنامەکە بوو، کولیچەی سەری ساڵی لەگەڵمان خوارد."

ئەو پزیشکە کوردە ئەوەشی گوت، چیرۆکی کاوەی ئاسنگەری بۆ ھاوڕێ خوێندکارەکانی بەشداربووی پیرۆزباییەکە گێڕاوەتەوە، بەیەکەوە لەدەوری ئاگری نەورۆز شاییان کردووە و بەسەر ئاگرەکەدا بازیانداوە.

پڕۆفیسۆر ئۆرا پاڵتیەلیش بەرپرسی بەشی پزیشکی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی عیبران، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "یەکەمجارە تامی جەژنی سەرساڵی کوردی دەکەم. زۆردڵخۆشم لەگەڵ خوێندکارەکانم کە ھەریەکەی لە وڵاتێکەوە ھاتوون، بەشداریمان لەم بەرنامەیەی نەورۆزدا کرد. جێگای شانازی بوو کولیچەی سەرساڵی کوردیم تام کرد. بە قوتابیەکانم، نموونەی وەکو دکتۆر تۆفیف بایرام سەربەرزم. ئەو بۆ من باسی لە کلتور و دابونەریت و رەسەنایەتی کوردی کرد."



تۆفیق بایرام گوتیشی "بۆمن شانازیەکی مەزنە، رەنگە یەکەمجار بێت لە 21 وڵاتی جیاواز دەربارەی نەورۆز کۆببنەوە و بۆنەی نەورۆز پیرۆز بکەن. ھاوڕێ خوێندکارەکانم زۆر دڵخۆش بوون بە کلتوور و خواردنی کوردی، میوزیکی کوردی و جلکوبەرگی کوردی. بۆیە خوێندکارەکان وێنەیان لەگەلما گرت. پەستەکی شرنەخیان لەبەر کرد و بە کلاو و جەمەدانیەکەشم وێنەیان گرت. سوپاسی زانکۆ عیبران دەکەم، بەتایبەت پرۆفیسۆر ئۆرا پاڵتیەل و ھەموو خوێندکارەکان."

مارسە سۆرلی پزیشکی نەرویجی گوتی "جێگای شانازییە کە گرنگترین جەژنی کوردیم پیرۆز کرد. ھاوڕێ خوێندکارەکانم کە لە ھەر چوار لای جیھانەوە ھاتوون، بەیەکەوە ئەم جەژنەمان پیرۆز کرد، بەدەوری ئاگری نەورۆز شاییمان کرد، خواردنی زۆر خۆشمان خوارد. گوێمان لەوە بوو کە چۆن کاوەی ئاسنگەر زوحاکی لەنێو برد. ئەو شەوە واتای ئازادی و گەلی کوردی لە خەیاڵمدا دانا، کە لەگەڵ خۆم بۆ وڵاتی نەرویجی ببەمەوە."

ئاسامی ئوینۆ (Asami Ueno) پەرستاری ژاپۆنی گوتی "پیرۆزبایی ساڵێکی نوێ زۆر کاریگەر بوو، بەتایبەت کە لەگەڵ خوێندکارانی وڵاتانی جیاواز ئەم بۆنەیەمان پیرۆز کرد. شایی و بازدان بەسەر ئاگردا و کولیچەی سەری ساڵ زۆر خۆش بوو. ھیچ کاتێک ئەم رۆژەم لەبیرناچێتەوە. ھیوای ئاشتی و ئازادی بۆ گەلی کورد دەخوازم."


ئاننا سچیمیدت (Anna Schmidt)، خوێندكاری ئەنترۆپۆلۆگی ئەمەریکی گوتی" شایی لەگەڵ میوزیکی کوردی، ھاوڕێکانی ھەرچوار لای جیھان پەنجەکان و دەستمان لەنێو دەستی یەک بوو، شاییمان لە دەورەی ئاگری نەورۆز گێڕا، ھەستێکی خۆشی پێ بەخشین. من وام ھەست دەکرد کە دەفڕم. لەو باوەڕەدام کۆتاییھێنا بە زوڵم و زۆردارییەکان لەجیھاندا تەنیا پێویستی بە لەیەکدی تێگەیشتن ھەیە. بەلامەوە شتێکی زۆر خۆشبوو کە کلتور و پیرۆزی نەورۆز و دابونەریتی کوردی بناسم کە ھێشتان لەژێر دەستیدا دەژین. ھیچ کاتێک ئەو رۆژە و ئەو ھاوڕێیانەم لەیادناچێتەوە کە بەیەکەوە بەشداری ئەو بۆنەیەمان کرد."



جین ئۆسیندۆ (Jane Osindo) لێکۆلێنەری کینی گوتی: پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز شتێکی زۆر خۆش بوو، ئەوەی بینیم بەڵامەوە شتێکی سەیر بوو. رەنگ، رۆناکی و رۆحی ئازادی پیرۆزبایی نەورۆز بەلامەوە ئەفسوناوی بوو. لەشوێنێک کە زۆر لەمالەکەم دوور بووم، بەڵام من وام ھەستکرد کە لەماڵی خۆمدام."