وەزیری پێشووتری بەرگریی ئەمریکا: کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران رادەستکردنی تەنگەی هورمزە بە تاران
رووداو دیجیتاڵ
جیم ماتیس، وەزیری پێشووتری بەرگریی ئەمریکا دەڵێ، کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێستا لەگەڵ ئێران بە واتای رادەستکردنی کۆنترۆڵی شاخوێنی وزەی جیهان، واتە تەنگەی هورمز، بە دەسەڵاتدارانی تاران دێت.
جیم ماتیس لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە وزە لە ویلایەتی تێکساس گوتی، ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ئێستا جەنگەکە رابگرێ، ئێران وا نیشانی دەدات کە سەرکەوتووە.
ماتیس گوتی: "ئەگەر ئێستا سەرکەوتن رابگەیێنین، ئێرانییەکان دەڵێن تەنگەکە هی ئێمەیە. ئەو کاتە دەبینن بۆ هەر کەشتییەک کە پێیدا تێپەڕێت، باج وەردەگرن."
ماتیس گوتی: "ئەگەر ئێستا سەرکەوتن رابگەیێنین، ئێرانییەکان دەڵێن تەنگەکە هی ئێمەیە. ئەو کاتە دەبینن بۆ هەر کەشتییەک کە پێیدا تێپەڕێت، باج وەردەگرن."
وەزیری پێشووتری بەرگریی ئەمریکا گوتی، واشنتن لە دۆخێکی زۆر قورسدایە و بژاردەی زۆری لەبەردەم نییە.
ئەم لێدوانەی ماتیس دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری دا بۆ پێنج رۆژ هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران رابگرێ تاوەکو دەرفەت بە دانوستاندن بدرێ.
دوای بڕیارەکەی ترەمپ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، ئەوە لە کاتێکدایە بەهۆی جەنگەکەوە تاوەکو نزیکەی 120 دۆلاریش بەرزبووەوە.
ماتیس گومانی لەوە هەیە کە ئەمریکا و ئێران بگەنە رێککەوتن و گوتی: "هیچ لایەکیان توانای ئەوەی نییە لایەنەکەی دیکە ناچار بکات پێگەی خۆی جێبهێڵێت؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە مێژوودا هەرگیز تەنیا هێزی ئاسمانی نەبووەتە هۆی گۆڕینی دەسەڵاتێک."
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان و نزیکەی 20٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ، بەڵام لەو کاتەوەی جەنگەکە هەڵگیرساوە هاتووچۆ لێیەوە زۆر سنووردار بووە و ئەوەش قەیرانێکی گەورەی لە جیهاندا دروستکردووە.