شیعەکانی پاکستان لە بڕیاری جەنگ و ئاشتی دا پشتیوانیی ئێران دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

هەر لە دەستپێکی چوونە ژوورەوە بۆ نێو مزگەوتەکە، وێنە و هێماکانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و موجتەبا خامنەیی دەبینرێن. سندووقێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی پارەش بۆ ئێران دانراوە. 
 
ئەزهەر عەلی، مامۆستای فیزیا لە زانکۆی ئیسلامئاباد، چەندین جار بۆ زیارەتی ئیمامانی شیعە سەردانی ئێرانی کردووە. لە پرسی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دا، ئەزهەر و شیعەکانی پاکستان هەر بڕیارێکی ئێران بە راست دەزانن.
 
ئەزهەر عەلی دەڵێت: "نەک تەنیا کۆمەڵگەی شیعە لە پاکستان، بەڵکو تەواوی خەڵکی پاکستان پاڵپشتیی ئێرانە. پاڵپشتیی دانوستاندن دەکەین، ئێرانیش پاڵپشتیی دانوستاندن دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوێکی ئەرێنی هەبێت، پاڵپشتیی دۆزی گەلی ئێران دەکەین. بەڵام پێویستە ئەوانیش نیازپاکی نیشان بدەن، بۆ نموونە کردنەوەی تەنگەی هورمز."
 
لە ئیسلامئاباد 25 مزگەوتی تایبەت بە شیعەکان هەن، ژمارەی دانیشتووانی پاکستان یەک ملیۆن و 800 هەزار کەسە و 12%ـیان لەسەر مەزهەبی شیعەن. هەموو ئەوانەی لەو مزگەوتەدان دەڵێن ئێران لایەنی حەقە و دەبێت دانوستاندنەکان لە بەرژەوەندیی ئەوان دا بێت. 
 
عومەر، پەیڕەوێکی سەرسەختی مەزهەبی شیعەیە، نزیکەی حەوت ساڵە مەزهەبی خۆی و ژن و منداڵی لە سوننەوە گۆڕیوە بۆ شیعە. خوێندنەوەی زۆری کتێبەکانی مەزهەبی شیعە هۆکاری بڕیارەکەی بووە.
 
عومەر قەیووم ئاماژە بەوە دەکات: "پاڵپشتی لە ئێران دەکەم، لە حیزبوڵڵاش، حەماس و جیهادی ئیسلامی و هەموو سێکوچکەی موقاوەمە. هەموویان یەکن، بەڵام رۆژئاوا دەیەوێت لە یەکیان جیا بکاتەوە. پاڵپشتییان دەکەم، ئەمریکا دۆڕاوە، ئاگربەست لەدوای ئاگربەست دەکات، دەیانەوێت ئێران هەڵبخەڵەتێنن لەکاتێکدا ئامادەکاری بۆ گەڕی دووەم دەکەن، ئەمە بۆچوونی منە."
 
96%ـی خەڵکی پاکستان موسڵمانن؛ ئایین، نزیکیی جوگرافیایی و هاوبەشیی بازرگانی لەو هۆکارانەن کە خەڵکی پاکستانی بە ئێران نزیک کردووەتەوە و لەم کاتە هەستیارەدا، زۆربەیان لایەنگری بڕیارەکانی ئێرانن، ئاشتی بێت یان شەڕ.