وەزیری راگەیاندنی پاکستان بۆ رووداو: هیوادارین پێشهاتەکانی تایبەت بە دانوستاندن بە باشی بەڕێوەبچن
رووداو دیجیتاڵ
عەتائوڵڵا تەرار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان بە دڵنیا رەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵکردنی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان راگەیاند، گەشبینن بە دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن.
وەزیری راگەیاندنی پاکستان چوونی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ ئیسلامئاباد بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ ناوبرد و گوتی: "هیوادارین شتەکان بە باشی بەرەو پێش بچن. با چاوەڕێ بین بزانین ئەمشەو چی روودەدات".
گوتەکانی ئەم بەرپرسەی پاکستان لە کاتێکدایە، ئەمشەو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی دەگاتە ئیسلامئاباد.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، عێراقچی دوای پاکستان دەچێتە رووسیاش و عەمانیش.
هاوکات کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، سبەی شاندی ئەمریکا بەرەو پاکستان بەڕێ دەکەوێ بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئێرانی.
کارۆلین لیڤیت گوتی، شاندەکە لە ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ پێکدێت.