لە ئەڵمانیا کوردێک بە تۆمەتی کوشتنی باوک و خوشکەکەی دادگایی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێرەکانی رابردوودا، دادگاییکردنی هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا بە تۆمەتی کوشتنی باوکی و خوشکەکەی دەستیپێکرد. تۆمەتبارەکە هاوینی ساڵی رابردوو لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و لە سنووری قەزای شێخان تاوانەکەی ئەنجامداوە.
کەریم ئا.، کە تەمەنی 36 ساڵە و هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانییە، لەگەڵ حازمی باوکی و دایکی لە ئەڵمانیا ژیاون، لەکاتێکدا (شیرین)ـی خوشکی و برایەکی دیکەی بە ناوی (شڤان) لە کوردستان بوون.
سەرەتای رووداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کێشەیەک لەنێوان خوشک و براکەی لە کوردستاندا دروست دەبێت، بەو هۆیەوە باوکەکە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و پشتیوانی لە کچەکەی دەکات؛ لەسەر ئەو کێشەیەش شڤانی کوڕی دەستگیر دەکرێت. دوای ئەوەی کەریم بە کێشەکە دەزانێت، بڕیار دەدات بۆ پشتیوانیکردنی براکەی بگەڕێتەوە کوردستان و رووبەڕووی باوکی و خوشکەکەی ببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دۆسیەکە، شەوی 20ـی تەممووزی 2025، لەنێو ماڵی خۆیان دا لە کۆمەڵگەی (مهەتێ)ـی سەر بە شێخان، تەقە لە حازم و کچەکەی کراوە و هەردووکیان کوژراون.
رۆژی دواتر، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا، پۆلیسی فیدراڵیی ئەو وڵاتە کەریمی لە فڕۆکەخانەی شاری نۆرنبێرگ دەستگیر کرد. دەستگیرکردنەکەشی دوای ئەوە هاتووە کە دایکی کەریم سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە و بە کوشتنی هاوژین و کچەکەی تۆمەتباری کردووە.
یۆناس هاینزڵمایەر، داواکاری گشتی کە دۆسیەکەی بردووەتە دادگەی شاری ئانسباخ لە هەرێمی بایەرن، دەڵێت، لەنێو مۆبایلەکەی کەریم دا بەڵگەی تەواوەتییان دەست کەوتووە کە ئەو بکوژی باوکی و خوشکەکەیەتی. ئەو بەڵگانەی باسیان دەکات بریتین لە وێنە و ڤیدیۆی چەک و مەشقی نیشانەشکێنی لە دەرەوەی شار.
جگە لەوەش، ڤیدیۆیەکیشیان لەبەردەستدایە کە داواکاری گشتی دەڵێت، تێیدا کەریم دیارە کە بە راکردن سواری ئۆتۆمبێلەکەی دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کەریم تۆمەتەکانی رەت کردووەتەوە. ڤۆڵفگانگ شتاودینگەر، پارێزەری کەریمیش دەڵێت: "ئەو تەنیا بۆ نێوەندگیری و بۆ هاوکاریکردنی برایەکەی چووەتەوە."
چاوەڕوان دەکرێت دادگە کۆتایی مانگی داهاتوو بڕیار لەسەر ئەم دۆسیەیە بدات.