سەرلەنوێ ناوی رەوا مەجید لە ئەورووپا دێتەوە بەرباس؛ پۆلیسی فینلەندا زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەم هەفتەیە لە سوێد، سەرلەنوێ ناوی رەوا مەجید، کە لەوێ بە "رێوییە کوردەکە" دەناسرێت، کەوتووەتەوە سەر زاران. رەوا مەجید لە سوێد بەوە تۆمەتبارە کە سەرۆکایەتیی باندێکی تاوانکاری دەکات بە ناوی (فۆکس-ترۆت)، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و حکومەتی بەریتانیاش خستوویانەتە لیستی سزاکانیانەوە.
 
ئەو ساڵانی زۆرە لە سوێد نەماوە و پێشتر لە باشووری کوردستان بوو، بەڵام ساڵی 2023، هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر و زیندانی کراوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هەفتەیە پۆلیسی فینلەندا ئاشکرای کرد، چەند مانگێک لەمەوپێش، کاتێک چوونەتە سەر شوقەیەک لە هێلسینکی کە وەک کۆگەی مادەی هۆشبەر بەکار هاتووە، لەپڕ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ یەکێک لەو دوو گەنجە هاتووە کە لە شوقەکە دا دەستگیر کراون.
 
پەیوەندییەکە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (سیگناڵ)ـەوە بووە و ناوی کەسی پەیوەندیکار (دۆن فۆکس) بووە. ئەمە ئەو ناوەیە کە پۆلیس دەڵێت ئەندامانی باندەکە بۆ رەوا مەجید بەکاری دەهێنن. ئەو ئەفسەرانەی پۆلیس کە بینیویانە رەوا مەجید تەلەفۆن بۆ ئەو ژمارەیە دەکات، سەرەتا ویستوویانە وەڵامی بدەنەوە، بەڵام دواتر بۆ سەرکەوتووبوونی ئۆپەراسیۆنەکەیان بڕیاریان داوە وەڵام نەدەنەوە.
 
ئێستا لە سوێد و لەنێو دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا دا دەگوترێت، رەوا مەجید لە ئێرانەوە گرووپەکەی لە سوێد و شوێنەکانی دیکە بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوایی بەکار دەهێنێت.
 
ساڵی 2024ـیش، واتە ساڵێک پاش دەستگیرکردنی لەلایەن ئێرانەوە، هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە سوێد و دەستبەجێ گوترا کە ئەوە کاری فۆکس-ترۆتە.
 
لە دۆسیەیەکی دیکەشدا کە هەر ئەم رۆژانە لە سوێد جووڵێندراوە و تایبەتە بە گیانلەدەستدانی منداڵێکی 15 ساڵان لە ستۆکهۆڵم، داواکاری گشتی دەڵێت، ئەو منداڵە لەلایەن دوو ئەندامی باندەکەی رەوا مەجیدەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی بۆمبێک بباتە شوێنێک لە باشووری شاری ستۆکهۆڵم، بەڵام لەوێ بۆمبەکە بە منداڵەکە دا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەست داوە.