شاندێکی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی گەیشتە ئیسلامئاباد


رووداو دیجیتاڵ

شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە گەیشتە ئیسلامئاباد. بڕیارە سبەی شاندێکی ئەمریکاش بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێبکەوێ. 
 
ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە ئیسلامئاباد. 
 
شاندەکە لە لایەن محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و ژمارەیەک لە بەرپرسی دیکە پێشوازی لێکرا. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شاندەکەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان و هەوڵە بەردەوامەکانی تایبەت بە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی دەکەن". 
 
هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە پۆستێكدا لە تویتەر بڵاویکردەوە، عێراقچی گەیشتووەتە ئیسلامئاباد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پێشهاتە هەرێمییەکان دەکات. 
لە لایەکی دیکەوە کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەمڕۆ هەینی لە واشنتن دی سی بە پەیامنێرانی راگەیاند، سبەی شاندێکی ئەمریکا بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێ دەکەوێ. 
 
لیڤیت گوتی، شاندەکە لە ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ پێکدێت.