لە نزیک کۆشکی سپی تەقەکرا و چەکدارێک کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی شەممە (بەکاتی واشنتن) چەکدارێک لە نزیک کۆشکی سپی دەستی بە تەقەکردن کردووە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی رووداوەکەدا لە ناو کۆشکی سپی بووە و خەریکی کارکردن بووە لەسەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بەڵام سەلامەتە.
 
رۆژی 23ی ئایار، ئەنتۆنی گوگلیێلمی، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەزگەی نهێنیی ئەمریکا (Secret Service)، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رووبەڕووبوونەوەکە کەمێک دوای کاژێر 6:00ی ئێوارە رووی داوە. پیاوێک لە نزیک سنووری ئەمنیی کۆشکی سپی، چەکێکی لە جانتاکەی دەرهێناوە و دەستی بە تەقەکردن کردووە. پۆلیسی دەزگەی نهێنی وەڵامی تەقەکانیان داوەتەوە و هێرشبەرەکەیان پێکاوە، کە دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە، لە کاتی تەقەکردنەکەدا کەسێکی رێبوار فیشەکی بەرکەوتووە، بەڵام وردەکاریی لەسەر باری تەندروستیی ئەو کەسە نەدراوە.
 
راید ئادریان، گەشتیارێکی کەنەدایی کە لە شوێنی رووداوەکە بووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "دەنگی 20 تاوەکو 25 تەقەمان بیست، وامانزانی یاریی ئاگرینە، بەڵام دواتر هەموو خەڵکەکە دەستیان بە راکردن کرد." ئەو رۆژنامەڤانانەشی کە لەو کاتەدا لە حەوشەی باکووری کۆشکی سپی بوون، فەرمانیان پێ کراوە لە ژووری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا خۆیان بشارنەوە.
 
بە گوێرەی راپۆرتی کەناڵی (سی بی ئێس نیوز) (CBS News) تەقەکەرەکە ناوی (نەسایەر بێستە) و تەمەنی 21 ساڵە. ئەم گەنجە ماوەی 18 مانگ بووە لە واشنتن نیشتەجێ بووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەمە یەکەمجار نەبووە (نەسایەر بێست) تووشی کێشە ببێت لەگەڵ دەزگەی نهێنی؛ چونکە لە تەممووزی 2025ـیشدا هەوڵی دابوو بچێتە ناو کۆشکی سپی و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوو.
 
دوای ئەو رووداوە، بەهۆی کێشەی دەروونییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان کرابوو. پۆلیسی واشنتن و دەزگەی نهێنی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم گەنجە پێشتر لای ئەوان ناسراو بووە.
 
سەلینا وانگ، پەیامنێری کەناڵی (ABC News)، لە کاتی رووداوەکەدا خەریکی تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک بووە و دەنگی تەقەکان لە ڤیدیۆکەیدا بیستراوە. ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) نووسیویەتی: "دەنگی دەیان تەقە دەهات." پاش رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانی نیشتمانی ناوچەکەیان گەمارۆ دا و رێگرییان لە هاتوچۆی خەڵک و رۆژنامەڤانان کرد.
 
دۆناڵد تره‌مپ تەمەنی 79 ساڵە و تاوەکو ئێستا 3 جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە. بەگوێرەی راپۆرتەکان، دوایین هەوڵ لە 25ـی نیسانی ئەم ساڵ بوو، کاتێک پیاوێکی چەکدار هێرشی کردە سەر خاڵێکی پشکنین لە هۆتێلێک کە تره‌مپی لێ بوو. پێشتریش لە تەممووزی 2024 لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردن تەقەی لێ کرا و بە سووکی بریندار بوو.
 
تره‌مپ پێشتر رایگەیاندبوو کە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی بۆنەکان لە ناو کۆشکی سپی، بۆ پاراستنی گیانی خۆیەتی، کە تێچووەکەی 400 ملیۆن دۆلارە و خاوەنی بناخەیەکی 6 نهۆمییە لە ژێر زەویدا و بە جۆرێک دروست دەکرێ کە تەنانەت بەرانبەر هێرشی درۆنیش پارێزراو بێت. ئێستا کۆمارییەکان لە کۆنگرێس داوا دەکەن تووندوتیژیی سیاسی کۆتایی پێ بهێندرێت و سوپاسی دەزگەی نهێنی دەکەن بۆ پاراستنی سەرۆک.