سەرۆکوەزیرانی پاکستان: هیوادارین بەمزووانە میوانداریی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی تاران و واشنتن بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەستخۆشی لە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ هەوڵە نەبڕاوەکانی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. شەهباز شەریف هیوای خواست وڵاتەکەی بتوانێت بەمزووانە میوانداریی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بکات.
 
سەرۆکوەزیرانی پاکستان رۆژی یەکشەممە 24-05-2026 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردەوە، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار لەنێوان تره‌مپ و سەرکردەکانی وڵاتانی سعودیە، قەتەر، تورکیا، میسر، ئیمارات، ئوردن و پاکستان کراوە. شەهباز شەریف ئاماژەی بەوەش کرد، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی کردووە.
 
شەهباز شەریف ستایشی ماندووبوونی بێوچانی عاسم مونیری کرد لە تەواوی ئەم پڕۆسەیەدا و گوتی، "ئەم گفتوگۆیانە دەرفەتێکی باش بوون بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی هەوڵەکانی ئاشتی، تاوەکو ئارامییەکی بەردەوام بێتە کایەوە." راشیگەیاند، پاکستان بە هەموو توانایەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی و هیوا دەخوازێت بەمزووانە گەڕی نوێی گفتوگۆکان لە وڵاتەکەی بەڕێوە بچێ.
 
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێکرد. پاکستان وەک نێوەندگیرێک دەرکەوت، لە مانگی نیساندا میوانداریی یەکەم گەڕی گفتوگۆکانی لە ئیسلامئاباد کرد. هەرچەندە گەڕی یەکەمی دانوستاندن هیچی لێ سەوز نەبوو، بەڵام پاکستان بەردەوام لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان بگەنە رێککەوتن. 
 
دەقی تویتەکەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە زمانی کوردی:
 
"دەستخۆشی لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بە بۆنەی هەوڵە نەبڕاوەکانی لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. پێوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار لە نێوان سەرۆک تره‌مپ و سەرکردەکانی وڵاتانی سعودیە، قەتەر، تورکیا، میسر، ئیمارات، ئوردن و پاکستان کراوە. لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان نوێنەرایەتیی وڵاتەکەمانی کردووە و هەوڵە ماندوونەناسەکانی زۆر بەرز دەنرخێنم لە ماوەی تەواوی پرۆسەکەدا. گفتوگۆکان دەرفەتێکی بەسوودیان رەخساند بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و چۆنیەتی پێشخستنی هەوڵە بەردەوامەکانی ئاشتی بۆ هێنانەدی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا. پاکستان بەوپەڕی توانایەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی و هیوادارین زۆر بە زوویی میوانداری گەڕی داهاتووی گفتوگۆکان بکەین."