ترەمپ: پەلەمان نییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران و کات لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانی سەردەمی ئۆبامای بە "یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان" وەسفکرد و رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئێستای ئیدارەکەی "تەواو پێچەوانەیە" و بەشێوەیەکی "پیشەیی و بەرهەمدار" بەڕێوەدەچێت.
 
ترەمپ دووپاتیکردەوە، پەلە ناکات و گەمارۆکان تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنێکی دروست دەمێننەوە، هاوکات ئاماژەیەکی چاوەڕواننەکراوی کرد بەوەی رەنگە ئێرانیش بچێتە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهام.
 
رۆژی یەکشەممە 24-05-2026، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ، دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێران خستەڕوو و رایگەیاند، "دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک و بنیاتنەرانە بەڕێوەدەچن."
 
سەرۆکی ئەمریکا نووسی، "من نوێنەرەکانمم ئاگادار کردووەتەوە پەلە نەکەن لە رێککەوتن، چونکە کات لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە."
 
هەروەها گوتی، "گەمارۆکە بە تەواوی هێز و کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە تاوەکو رێککەوتنێک دەکرێت، پشتڕاست دەکرێتەوە و واژۆ دەکرێت. هەردوولا دەبێت کاتی خۆیان وەربگرن و بە دروستی بیکەن. نابێت هیچ هەڵەیەک هەبێت."
 
ترامپ بڵاوکراوەکەی بە رەخنەگرتنێکی تووند لە رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 دەستپێکرد و نووسی: "یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان کە تائێستا وڵاتەکەمان کردوویەتی، رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بوو، کە لەلایەن باراک حوسێن ئۆباما و ناشارەزاکانی ئیدارەی ئۆباماوە پێشکەشکرا و واژۆ کرا. ئەوە رێگەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە."
 
لە بەرامبەردا، دانوستاندنەکانی ئێستای بە "تەواو پێچەوانە" وەسفکرد و گوتی، "پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا خەریکە دەبێتە پەیوەندییەکی زۆر پیشەییتر و بەرهەمدارتر."
 
سەرۆکی ئەمریکا هێڵی سووری بۆ تاران دیاریکرد و رایگەیاند، "بەڵام، دەبێت تێبگەن کە ناتوانن چەکی ئەتۆمی یان بۆمب پەرەپێبدەن یان بەدەستی بهێنن."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکە، ترەمپ سوپاسی وڵاتانی ناوچەکەی کرد و ئاماژەیەکی چاوەڕواننەکراوی کرد بە ئەگەری بەشداریکردنی ئێران لە رێککەوتنەکانی ئەبراهامدا.
 
"دەمەوێت سوپاسی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەم بۆ پشتیوانی و هاوکارییان، کە زیاتر بەهێز و پتەوتر دەبێت بە چوونە ریزیان بۆ نێو وڵاتانی رێککەوتنە مێژووییەکانی ئەبراهام و کێ ناڵێت، رەنگە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش حەز بکات بەشدار بێت."
 
دەقی بڵاوکراوەکەی ترەمپ
 
یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان کە تائێستا وڵاتەکەمان کردوویەتی، رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بوو، کە لەلایەن باراک حوسێن ئۆباما و ناشارەزاکانی ئیدارەی ئۆباماوە پێشکەشکرا و واژۆ کرا. ئەوە رێگەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.
 
بەڵام ئەو مامەڵەیەی ئێستا لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لەگەڵ ئێراندا دانوستاندنی لەسەر دەکرێت وا نییە، بە تەواوی پێچەوانەکەیەتی! دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک و بنیاتنەرانە بەڕێوەدەچن و من نوێنەرەکانمم ئاگادار کردووەتەوە کە پەلە نەکەن لە رێککەوتنێک چونکە کات لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە. گەمارۆکە بە تەواوی هێز و کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە تاوەکو رێککەوتنێک دەکرێت، پشتڕاست دەکرێتەوە و واژۆ دەکرێت. هەردوولا دەبێت کاتی خۆیان وەربگرن و بە دروستی بیکەن. نابێت هیچ هەڵەیەک هەبێت!
 
پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا خەریکە دەبێتە پەیوەندییەکی زۆر پیشەییتر و بەرهەمدارتر. بەڵام، دەبێت تێبگەن کە ناتوانن چەکی ئەتۆمی یان بۆمب پەرەپێبدەن یان بەدەستی بهێنن. دەمەوێت سوپاسی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەم بۆ پشتیوانی و هاوکارییان، کە زیاتر بەهێز و پتەوتر دەبێت بە چوونە ریزیان بۆ نێو وڵاتانی رێککەوتنە مێژووییەکانی ئەبراهام و کێ ناڵێت، رەنگە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش حەز بکات بەشدار بێت.